گه‌ڕان

Shadow Shadow

نەخشەى هەژمونى ئێران لەناوچەکەدا

ئەو حەوت دەوڵەتەى ئێران دەستوەردانیان تێدا دەکات

2020.02.17 - 08:47
App store icon Play store icon Play store icon
ئەو حەوت دەوڵەتەى ئێران دەستوەردانیان تێدا دەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد-    سەرەڕاى قەیرانە ناوخۆییەکانى ئێران و فشاره‌كانی ئەمریکا و دەوڵەتانى رۆژئاوا لەسەر ئەو وڵاتە، بەڵام بەردەوام هەژمونى لەناوچەکەدا زیاد دەکات بەتایبەتى لە حەوت دەوڵەتدا کە پێنجیان عەرەبین و دوانەکەى تریشیان دوو دەوڵەتى ئیسلامى ناوچەکەن. . بەگوێره‌ی نه‌خشه‌یه‌ك کە راپۆرتى ئاسایشى میونخ بۆ ساڵى 2020 بڵاویکردوەتەوە، ئێران لە دەوڵەتى عێراقى دراوسێیدا هەژمونى هەیە، هەروەها هەژمونى لە دەوڵەتەکانى ترى وەک سوریا، لوبنان، یەمەن، فەڵەستین، ئەفغانستان و پاکستانیش هەیە. . بەگوێره‌ی هەمان راپۆرت، ئێران یاریزانێکى سەرەکییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و هەژمونیشى بە کێشمەکێشە هەرێمیەکان زیاد دەکات بەتایبەتى لە سوریا و عێراق و یەمەن. . عێراق .  بەگوێره‌ی نەخشەکە لانیکەم ئێران پشتگیرى چوار میلیشیا لە عێراق دەکات کە بریتین لە "عەسائیبى ئەهلى حەق، رێکخراوى بەدر، کەتیبەکانى حزبوڵڵا و بزوتنەوەى نوجەبا" ئەوەش سەرەڕاى پشتگیریکردنى حەشدى شەعبى بەشێوەیەکى گشتى". . سوریا . هەرچى لە سوریاشە چوار میلیشیاى سەرەکى لەلایەن ئێرانەوە پشتگیرى دەکرێن کە بریتین لە "هێزەکانى 313، لیواى باقر، هێزەکانى رەزا و گروپە سورییە چەکدارەکانى تر"، ئەوەش سەرەڕاى پشتگیرى دارایى و سەربازى بۆ ڕژێمى بەشار ئەسەد. . لوبنان . نوێنەرى سەرەکى ئێران لە لوبناندا حزبوڵڵاى لوبنانییە، کە بۆ جێبەجێکردنى سیاسەتەکانى و دەستوەردانەکانى لە دەوڵەتانى تردا بەکارى دەهێنێت.  . یەمەن . لە یەمەنیش گروپى ئەنساروڵڵاى حوسیەکان نوێنەرى سەرەکى ئێرانن لەو وڵاتەدا کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکیەکانى کێشمەکێشەکانى ئەو وڵاتە لەساڵى 2014ەوە کە دەیان هەزار هاووڵاتى مەدەنى بەهۆیەوە بونەتە قوربانى. . فەڵەستین . لەناو خاکى فەڵەستیندا تاران پشتگیرى بزوتنەوەى حەماس دەکات کە کۆنترۆڵى کەرتى غەزە لەساڵى 2009ەوە لەژێر دەستى ئەو بزوتنەوەدایە. . ئەفغانستان و پاکستان . ئێران پشتگیرى لیواى فاتمیەى ئەفغانى دەکات و لە پاکستانیش پشتگیرى لیواى زەینەبیون دەکات، بەپێى زانیاریەکان ژمارەیەکى زۆر ئەندامى ئەو دوو لیوایە لە سوریا کوژراون و دەیان هەزار گەنجى ئەفغانستانى و پاکستانى شیعە مەزهەب لەو دوو لیوایەدا ئەندامن. . لەمانگى پێنجى ساڵى 2018 ولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا پاشەکشەى لە رێکەوتنى ئەتۆمى 5+1 راگەیاند و دواتریش ئەمریکا بە چەند وەجبەیەک سزاى ئابورى بەسەر ئێراندا سەپاند، هەرچەند زیانێکى ئابورى زۆرى لە تاراندا بەڵام ئەو وڵاتە هێشتا هەژمونى بەسەر ناوچەکەدا هەیە و بەردەوام هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا لەناوچەکە بەتایبەتى عێراق دروست دەکات و لەکۆتا گرژى نێوانیشیاندا ئەمریکا قاسم سولەیمانى سەرکردەى پێشووى فەیلەقى قودسى ئێرانى لە شارى بەغدا کوشت، ئێرانیش چەند موشەکێکى گرتە دوو بنکەى سەربازى ئەمریکا لە پارێزگاکانى ئەنبارو هەولێر، هەرچەندە لەسەرەتادا هیچ سەربازێکى ئەمریکى بریندار نەبوو بەڵام دواتر راگەیەنرا کە زیاتر لە 100 سەربازى ئەو وڵاتە توشى شڵەژانى مێشک بوون. .