گه‌ڕان

Shadow Shadow

رێگایەکى تاقینەکراوە بۆ کورد لە بەغدا

ئایا مەسرور بارزانى بەڕە لەژێر پێى حزبەکان دەردەهێنێت؟ [تایبه‌ت]

2020.02.16 - 22:40
ئایا مەسرور بارزانى بەڕە لەژێر پێى حزبەکان دەردەهێنێت؟ [تایبه‌ت]
ناس کورد-   مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ یەکەمجار باس لە ڕێگایەکى نوێ دەکات بۆ دیاریکردنى پشکى کورد لە حکومەتى نوێی عێراق، ڕێگایەک کە تا ئێستا کورد تاقینەکردووەتەوە و دیارنییە کۆتاییەکەى چى دەبێت. . لەگەڵ هەوڵەکانى محەمەد تۆفیق عەلاوى بۆ تەواوکردنى کابینە وەزارییەکەى تا بیخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندکردن، مشتومڕ لەسەر شێوازى دیاریکردنى کاندیدەکان لەنێوان سەربەخۆ و حزبیدا سەریهەڵداوە. . عەلاوى هەر لەسەرەتاى ڕاسپاردنییەوە بۆ پێکهێنانى حکومەت جەختى لە دیاریکردنى وەزیرى سەربەخۆ و شارەزا کردووەتەوە، بەڵام دیار نییە تا چەند دەتوانێت ئامانجەکەى بپێکێت، لەکاتێکدا حزبەکان بە ئاسانى ئامادەنین دەستبەرداریی پشکەکانیان بن. . داواى مەسرور بارزانى لە عەلاوى . ئەمڕۆ یەکشەممە (16ى شوباتى 2020)، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، داوایان لەمحەمەد تۆفیق عەلاوى ڕاسپێردراو بۆ کابینەى نوێی حکومەتى عێراق کردووە دەبێت نوێنەرانى هەرێمى کوردستان لە حکومەتى فیدراڵدا لەلایەن دامەزراوە دەستورى و فەرمییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەستنیشان بکرێت. . وتەکەى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان دواى ئەوە دێت، لەسەرەتاى ڕاسپاردنى عەلاوییەوە بۆ پێکهێنانى کابینەکە بانگەشەى ئەوەى کردووە کە حکومەتە کاتیەکەى بریتى دەبێت لەکەسانى تەکنۆکرات و بێلایەن و ناحزبى، گەرچى خوێندنەوەى جیاواز بۆ ئەو بانگەشەیەى عەلاوى کرا. . لایەنە شیعەکان لەدژى ئەو بانگەشەیەى عەلاوى دابەش بوون، بەشێکیان بەئاشکرا کاندیدى سەربەخۆیان ڕەتکردەوە و هەڵوێستەکانیان خستە میدیاکانەوە، بەشێکیشیان لەوانە سەدرییەکان باسى ئەوەیان کرد عەلاوى سەربەست دەکەن و دەستوەرنادەنە کاروبارەکانى. . کوردیش لەسەر ئاستى چەند بەرپرسێکى دیارى حزبەکان وەزیرى سەربەخۆ و بێلایەنیان ڕەتکردەوە، بەتایبەت هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى کە ئەوەى ئاشکرا کرد رێگە نادەن بەناوى کەسانى سەربەخۆوە کەسیان بەسەردا بسەپێنرێت. . پشکەکانى کورد . لەدواى ڕوخانى ڕژێمى بەعس و دامەزراندنى سەرجەم کابینەکانى حکومەتى فیدراڵەوە لەساڵى 2005 ەوە، حزبە سیاسییەکان نوێنەرایەتى کوردیان کردووە و ئەو پۆست و ئیتمازاتەشیان کە لەو حکومەتە وەرگرتووە لەناوخۆیاندا بەشیان کردووە و دامەزراوە فەرمییەکانى هەرێم هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە لە دیاریکردنى نوێنەرانى کوردا. . سەربارى ئەوە زۆرجار پشکەکانى کورد لە کابینەکەى عەلاوى ناکۆکى لەنێوان حزبەکان دروستکردووە، بۆ نمونە لەدوایین کابینەى حکومەتى عێراقدا بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى بە ئاشکرا ناکۆکى کەوتە نێوان پارتى و یەکێتییەوە لەسەر پشکە وەزارییەکانى کورد. . حەسەن ئالى پەرلەمانتارى کورد لە بەغدا بە ناس کوردى ڕاگەیاند، گرنگە کورد یەکڕیز و یەک هەڵوێست بێت بۆ ئەوەى بەیەک دەنگ داواى پشکەکانى بکات و نوێنەرەکانى دیارى بکات، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا کورد دەتوانێت ئەوە بکات یاخود نا. . لەم خولەى پەرلەمانى عێراقدا هەرچەندە چەند هەوڵێک دراوە بۆ یەکخستنى هەڵوێستى کورد لەسەر پرسە جیاجیاکان، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون. . لەبارەى قسەکانى مەسرور بارزانییەوە حەسەن ئالى وتى "لە ئێستادا پێموانییە شتێکى لەو جۆرە سەربگرێت، لەبەرئەوەى لە هەرێمى کوردستان پەرتەوازەیی هەیە لەنێوان حزبەکاندا، حکومەتى هەرێم لە ئاست ئەوەدا نەبووە کە بتوانێت ئەو کۆدەنگییە دروستبکات". . ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە لە ئێستادا کورد چەند بۆچوونێکى هەیە، بەشێکى لەگەڵ کەسانى سەربەخۆدا نین، بەتایبەتى پارتى کە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە کەسانى حزبى بن، بەشێکى دیکەشى بۆچونێکى دیکەیان هەیە، بەڵام کۆى قسەکان ئەوەیە هەر کەسێک دابنرێت دواجار لایەنگرى حزبێکى سیاسی دەبێت. . ئەگەر قسەکەى مەسرور بارزانى بەوە لێکبدرێتەوە کە دامەزراوە فەرمیى و دەستورییەکانى هەرێم وەزیرە کوردەکانى بەغدا یەکلا دەکەنەوە، واتا بۆ لەمەودوا بارزانى بەڕە لەژێر پێى حزبەکان دەردەهێنیت و دەیخاتەوە ژێر دەستى دامەزراوە فەرمییەکانى هەرێم، بەڵام ئەوە بۆ دۆخى هەرێمى کوردستان کە هێشتا حزب هەژموونى بەسەر سەرجەم جومگەکانەوە هەیە رەنگە کارێکى  ئاسان نەبێت ئەگەر مەحاڵ نەبێت. . دیارى ئەنوەر پەڕلەمانتارى سەربەخۆ لەپەڕلەمانى کوردستان بەناس کوردى ڕاگەیاند، لەبنەمادا ئەوەى عەلاویش داوایدەکات جێبەجێناکرێت و بانگەشەیەکى ناواقیعیە و بۆ پەردەپۆشکردنى ڕاستیەکانە و ناتوانێت کابینەى سەربەخۆ و وەزیرى بێلایەن دابنێت، بۆ هەرێمیش هەر بەشێوەى ڕابردوو وەزیرەکان یەکلایى دەکرێنەوە، چونکە یەکێتى و پارتى پشکى کورد لەبەغدا بەئیستحیقاقى هەڵبژاردنى خۆیانى دەزانن. . بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە  "دیاریکردنى وەزیرەکانى یەکێتى و پارتى بەهەمان شێواز و میکانیزمى دیاریکردنى وەزیرەکانى کابینەکانى ڕابردوو دەبێت و یەکێتى و پارتى بەئارەزووى خۆیان کێیان بوێت ئەو کەسە دەنێرنە پەڕلەمان". . قسەکەى مەسرور بارزانى لەبارەى یەکلاییکردنەوەى پشکى کورد لە بەغدا لەرێگەى دامەزراوە فەرمى و دەستورییەکانى هەرێمەوە لەکاتێکدایە، لایەنە کوردییەکان بەجیا لەگەڵ عەلاوى و لایەنە عێراقییەکان کۆدەبنەوە بۆ دیاریکردنى هەڵویستى خۆیان و کورد هەڵوێستێکى یەکگرتووى نییە لەو بارەیەوە. . دوایین کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکانى ئەمڕۆى محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و سەرۆکى هاوپەیمانى هێزە عێراقییەکان بوو لە هەولێر و سلێمانى لەبارەى کابینەکەى عەلاوییەوە. . کۆبوونەوەى یەکەم لەنێوان سەرۆکى پەڕلەمان و مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى بوو، کەجەختیان لەسەر یەکخستنى هەڵوێستەکانیان لەسەر پرسى کابینەکەى عەلاوى کردووەتەوە، حەلبوسى تەنها لە هەولێر نەگیرسایەوە بەڵکو خۆى گەیاندە سلێمانى و لەگەڵ بەرپرسانى یەکێتیدا کۆبووەوە. . هەروەها چەند ڕۆژێک پێش ئێستا سەرۆکى هەرێم لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق لەهەولێر بەمەبەستى یەکڕیزى کورد لەکابینەى نوێدا کۆبویەوە، بەڵام ئەو یەکڕیزییە هیچ ئاکامێکى بۆ دەستکراوەیى دامەزراوە فەرمیى و دەستورییەکانى هەرێم بۆ یەکلاکردنەوەى وەزیرەکان و مامەڵە کردن لەگەڵ بەغدا لێنەکەوتەوە. . بۆچونێکى تر لەسەر وتەکەى مەسروربارزانى بارەى دیاریکردنى وەزیرەکانى کورد لەبەغدا لەلایەن دەزگا فەرمیى و دەستورییەکانى هەرێمەوە بەوە لێکدەدرێتەوە، ئەگەر پارتى لەساڵانى ڕابردوودا لەگەڵ ئەوە نەبوبێت کە پشکى کورد لەکابینە وەزارییەکاندا بەو پێیەى پرسێکى نیشتیمانیە لەلایەن دامەزراوە دەستوریى و فەرمییەکانەوە لەوانە پەڕلەمانى کوردستانەوە یەکلا بکرێتەوە، بەهۆى بەهێزى ئۆپۆزسیۆن وناڕەزایەتى شەقامەوە، بەڵام ئێستا کە لەپەڕلەمان زۆرینەیە و حکومەتیش لاى خۆیەتى و سەرۆکایەتى هەرێمیش،  رەنگە گرفتى نەبێت و ئامانجەکانى بپێکیت. .