کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- پاش لەشکرکێشییەکەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردودا و لەژێر ناوی"کانی ئاشتی" دەستی پێکرد، بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا کە لەچهند ناوچهیهكی سوریا جێگیربوون بەتایبەتی لە ناوچەکانی "ڕۆژهەڵاتی فوڕات" پاشهکشهیان پێکرا بۆ ناو سنوری خاکی عێراق، بەڵام ئەوەندەی پێنەچوو ئهمریكا جارێکی تر ئەو هێزانەی کە پێشتر پاشەکشەی پێکردبوون گهڕاندەوە بنکەکانی خۆیان لەو وڵاتە. . بەگوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوهوە، دەیان کاروانی هێزەکانی ئەمریکا لە خاڵە سنورییەکانی نێوان عێراق و سوریا بە تایبەتی خاڵە سنورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی سوریا چونەتە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان. . ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی ئەمریکا لە 21ى تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردودا، لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازی ڕەوانەی سوریا کردووە و لە دەوروپشتی کێڵگەی نەوتی" ئەل عومەر" لە پارێزگای "دێرەزور" جێگیری کردوون. . بهگوێرهی ڕوانگهكه لە 28ى هەمان مانگدا، زیاتر لە 187 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و سەربازی ئەمریکی لە خاڵی سنوری "سمیلکا"ی هەرێمی کوردستانهوه چونەتە نێو خاکی سوریاوە لەوێشەوە بەرەو ناوچەکانی "حەسهکە و دێرەزور" بەڕێکەوتوون. . زانیارییەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژه بهوه دهكات "كاروانە سەربازییەکانی ئەمریکا، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە بەردەوام بووە، روونكراوهتهوه "لە 26ی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 75 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و سەربازی جۆراوجۆر لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانهوهگەیشتووەتە ناوچەی "دەرباسییە، حەسەکە و تەل بەیدر" لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات. . بهگوێرهی راپۆرتی ڕوانگهكه هەردوو ڕۆژ دوای چوونە ژورەوەی ئەو کاروانە سەربازییە ئەمریکییە کاروانێکی دیکەی سەربازی لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە کە پێکهاتبوو لە 40 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر گەیشتوەتە بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا. . ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بەوەکردووە، لە30ى کانوونی دووەمی ئەمساڵدا دیسان کاروانێکی دیکەی سەربازی ئەمریکی کە پێکهاتبوو لە 50 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەدەروازەی "سیملکا" چووەتە ناوچەی "تەل بەیدەر". . ئەمڕۆ (یەکشەممە 16ی شوباتی 2020)، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشکرایکرد،کاروانێکی سەربازی ئەمریکی لە ڕێگەی سنوری هەرێمی کوردستانەوە کە پێکهاتووه لە 50 ئۆتۆمبێلی سەربازی بەرەو سوریا بەڕێکەوتوون. . لەدەستپێکی لهشکرکێشییەکی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە 9ى تشرینی یەکەمی 2019دا، ئەمریکا لە 16 بنکەی سەربازی خۆی لە سوریا پاشەکشەی کرد، بە تایبەتی لە ناوچەکانی ڕەقە، مونبج، کۆبانێ و حەسهکە، بەڵام بەشێک لە هێزەکانی لە ناوچەی" دێرەزور" هێشتەوە کە دەوڵەمەندە بە بوونی کێڵگە نەوتییەکان، هەرپاش چەند ڕۆژێک لە پاشەکشەکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، ئەو هێزانە جارێکی ترو بەفەرمانی دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێزەکانی ئەمریکا گەڕانەوە سوریا ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە کە لە ئێستادا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادایە. .