کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق،ڕایگەیاند،هەماهەنگییەکانی نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق وهێزەکانی پێشمەرگە گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا، جێگری سەرۆكی ئەركانی پێشمەرگە بۆمەشق و ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، ماوەیەکە دوو نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستبەكاربوون. ، تەحسین خەفاجی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "شێوازی هەماهەنگییەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە زۆر بەرەو پێشەوە چووە و لە ئاستێکی باڵادایە، وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لە پەیوەندیدان". ، وتیشی: "وەزارەتی بەرگریی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە هەماهەنگییەکی تەواودان بە تایبەتی لە پرسی چاودێریکرن و بنبڕکردنی پاشماوەکانی داعش لەو ناوچانەی کە دەکەونە نێوان سنوری هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی". ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە هیچ جۆرە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە نزیک سنورەکانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەدا ئەنجام نادەن". ،هێشتا ئەو ژووری هەماهەنگیانەی کە پێش 16ى ئۆکتۆبەر لەنێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێشمەرگەدا هەبوون کارانەکراونەتەوە
، قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ مەشق و ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە لەوباریەوە بەناس کوردی ڕاگەیاند:" پێش ڕووداوەکانی 16ى ئۆکتۆبەر ژمارەیەک ژووری پەیوەندی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هەبوو، بەڵام تائێستا ئەو ژوورانە کارانەکراونەتەوە". ، وتیشی: "دوایین کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە 6ی شوباتی ساڵی ڕابردوودا بوو، ئەوەش کاتێک لیژنەی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی كرد، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەکانی نێوان هەردوولا". ، قارەمان کەمال روونیکردەوە: " تەواوی ئامادەییمان نیشانداوە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هێزە کانی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگریی عێراق، بڕیاریشبوو كۆبوونەوەكانی نێوانمان بەردەوام بێت و ژوورێكی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق دورستبکرێت، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکان وتێکچوونی دۆخی ئێستای عێراق زۆربە ئەو پلانانە دواخران ". ،وەزارەتی بەرگریی عێراق تەنها لەڕووی لۆجستیەوە هەماهەنگ لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە
، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ مەشق و ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەکرد:" لەڕووی لۆجستیەوە هەماهەنگی تەواو لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراقدا هەیە، بەڵام لەڕووی ناردنی چەک و کەلوپەلی سەربازییەو، وەزارەتی بەرگریی عێراق تەنها ڕێگەی داوە دوو لیوای سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە پڕچەک بکرێن و هیچی تر". ،لە سەر داوای فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، نزیکەی مانگێکە وەزارەتی پێشمەرگە نوێنەری خۆی ڕەوانەی بەغدا کردووە
، قارەمان کەمال ئاشکرایکرد: "بە گوێرەی بڕیارێكی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، هەرێمی کوردستان ماوەی سێ هەفتەیە دوو ئەفسەری پلە باڵای سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و ئەفسەرێکی دیکەش سەربە وەزارەتی ناخۆیی هەرێم ڕەوانەی فەرماندەیی گشتی هێزە هاوبەشەكانی عێراقی کردووە لە وەزارەتی بەرگریی عێراق وەک ئەندام لە ژووری ئۆپراسیۆنە هابەشەکان دەست بەكاربوون".