کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بەئامادەبوونى کۆسرەت رەسوڵ کۆبووەوە و بڕیاریدا تا گەڕانەوەى کۆسرەت رەسوڵ لەدەرەوەى وڵات کۆبوونەوەکانى ڕابگرێت. . ئەو کۆبوونەوەیە کە ماوەیەکى کەمى خایاند، یەکەم کۆبوونەوە بوو بەبەشدارى کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکى ئەنجومەنى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى، دواى ئەوەى کێشەکانى نێوان هەردوو ئەنجوومەنەکە لەهەفتەى ڕابردوودا تەقینەوە. . مستەفا چاوڕەش سەرپەرشتیارى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونى کۆسرەت رەسوڵ کۆبوونەتەوە، دواتر کۆبوونەوەکەیان هەڵگرتووە، تا ئەوکاتەى کۆسرەت رەسوڵ دەگەرێتەوە کە سەردانێکى چەند ڕۆژەى هەیە. . وتیشى "شتێکى وا لەکۆبوونەوەکەدا باسنەکرا، چونکە پێویست بوو کۆسرەت رەسوڵ لەکاتى تاوتوێکردنى پرسەکاندا ئامادەبێت". . هەفتەى ڕابردوو کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکى ئەنجومەنى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنى سەرکردایەتى، داواى ڕاگرتنى کۆبوونەوەکانى سەرکردایەتى کرد، بەو پێیەى چەند بڕیارێکى "هەستیارى" داوە، بەڵام ئەنجومەنەکە درێژەى بەکۆبوونەوەکانیدا. دواتریش هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانى و لاهور شێخ جەنگى لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵدا کۆبوونەوە. . دیارترین کێشەى نێوان هەردوو ئەنجومەنەکەى یەکێتى کە لە کۆنگرەى ئەو حزبەدا هەڵبژێردران، پەیوەستە بە سیستەمى هاوسەرۆکى بەتایبەت کە هەفتەى ڕابردوو دەنگۆى یەکلایکردنەوەى ئەو پۆستە بۆ هەریەک لە بافڵ تاڵەبانى و لاهور شێخ جەنگى بڵاوبووەوە. . لەبارەى چارەسەرى ئەو کێشەیەوە، مستەفا چاوڕەش وتى "تەقریبەن ماوەتەوە پێداچونەوە بکرێت بەهەموو مەسەلەکاندا، بۆ ئەوەش چاوەڕوانى هاتنەوەى کۆسرەت رەسوڵ دەکەین، تا ئێستا کەسمان دەستنیشاننەکردووە بۆ هاوسەرۆک، بەڵام بڕیارمانداوە سیستەمى هاوسەرۆک جێگیربکرێت". . جگە لە سیستەمى هاوسەرۆک، هەردوو ئەنجومەنى سەرکردایەتى و سیاسی و بەرژوەندى یەکێتى، کێشەى دەسەڵاتیان هەیە، بەو پێیەى ئەنجومەنى سیاسی دەیەوێت مافى ڤیتۆکردنى دەسەڵاتەکانى سەرکردایەتى هەبێت، بەڵام ئەنجومەنى سەرکردایەتى دەیەوێت دەسەڵاتى ئەنجومەنى سیاسی راوێژکارى بێت. . بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە، لە ئێستادا هەردوو ئەنجوومەنەکە دەیانەوێت ماددەیەک لە پەیڕەوى ناوخۆ جێگیربکەن کە ئەرک و دەسەڵاتەکانى هەردوولاى تێدا دیارى بکرێت. . بەپێی میدیاى فەرمى یەکێتى، ئەنجومەنی سەركردایەتی لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆی پەیڕەوى ناوخۆ بە یەك پاكێج لە دوای دەنگدان لەسەری پەسەنددەکات، بە ماددەی تایبەت بە ئەنجومەنی باڵای سیاسییەوە كە بە راوێژی نێوان ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی باڵای یەكێتی یەكلا دەكرێتەوە. . پێش پەسەندکردنى سیستەمى هاوسەرۆکى لەناو یەکێتیدا باس لە زیاد لە شێوازێک دەکرا بۆ دیاریکردنى کەسى یەکەمى ئەو حزبە، لەوانە هەڵبژاردنى سەرۆک یان سکرتێر، سیستەمى هاوسەرۆکى، دروستکردنى ئەنجومەنێک بۆ بەڕێوەبردنى حزبەکە، لە ئێستاشدا و دواى تەقینەوەى کێشەکان باس لە سیستەمى دیکەى وەکو کۆنسەى سەرۆکایەتى دەکرێت. . مستەفا چاوڕەش وتى "جارێ نازانین، نامەوێت بچمە ناو وردەکارییەوە، پرسەکان هەڵگیراون بۆ دواى گەڕانەوەى کۆسرەت رەسوڵ". .