گه‌ڕان

Shadow Shadow

هێشتا دۆسییەی نەوت ڕادەستی ئەم کابینەیە نەکراوە و سەرۆکی حکومەتیش ئاگای لێی نییە

2020.02.14 - 23:23
 هێشتا دۆسییەی نەوت ڕادەستی ئەم کابینەیە نەکراوە و سەرۆکی حکومەتیش ئاگای لێی نییە
ناس کورد- پەرلەمانتارێک بەپێچەوانەى قسەکانی سەرۆکى حکومەتەوە بۆ شەفافى داهات و فرۆشى نەوت و سامانە سروشتیەکان دەڵێت، تا ئێستا دۆسییەى نەوت و داهاتەکەى ڕادەستى سەرۆکى حکومەت نەکراوە و تەنها لاى ئەوانە ماوەتەوە کە پێشتر لەژێر دەستیاندا بووە. ، ئەندامێکى لیژنەى سامانە سروشتیەکانیش ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا پەرلەمان ئاگاى لەدۆسییەى نەوت نیە و ناشزانرێت دۆسییەکە لاى سەرۆکى حکومەتە یاخود ڕادەستى نەکراوە. ، دواى ئەوەى سەر لەئێوارەى ئەمڕۆ هەینى، 14ى شوباتى 2020، لەهەژمارى خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، دابان محمەد، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان، باسى لەوە کرد کە سیاسەتى فرۆشتنى سەربەخۆى نەوتى هەرێم شکستى هێناوە و هێشتا کابینەى نۆیەم و سەرۆکی کابینەکەش ئاگادارى دۆسییەى نەوت و چۆنیەتى و چەندێتى گرێبەست و داهاتەکانى نیە، ناس کورد لەسەر ئەو پرسە پەیوەندى بەناوبراوە کرد. ، دابان محمەد بەناس کوردى ووت: " دۆسییەى نەوت لەلاى وەزیرى پێشووى سامانە سروشتییەکان و سەرۆکى پێشووى حکومەت بووە و ئەوەى کە ڕوونە بەشێک لەو داهاتە دەدرێتە وەزارەتى دارایى و هەموو لایەک شتێک لەوە ئاگادارن، نەک دۆسییەى تەواوى فرۆشتن و داهاتى نەوت". ، ئەو پەرلەمانتارە جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، دۆسیەى نەوتى هەرێمى کوردستان ڕادەستى کابینەکە بەسەرۆکەکەشیەوە نەکراوە. ،   بەهۆى ئەوەى لەئێستادا وەزیرى سامانە سروشتیەکان دانەنراوە و ئەو وەزارەتەش وتەبێژى نیە، لەدریژەى بەدواداچونەکانى دا لەسەر پرسەکە ناس کورد پەیوەندى بە وتەبێژى سەرۆکى حکومەتەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو. ،   هاوکات کاروان گەزنەیى، ئەندامى لیژنەى سامانە سروشتیەکان لەپەرلەمانى کوردستان بەناس کوردى ڕاگەیاند"  پێشتریش ئەوەم نەشاردووەتەوە کە پەرلەمانى کوردستان لەدۆسیەى نەوت بێ ئاگایە، نزیکەى 90 پرسیارم ئاڕاستەى وەزارەتى پەیوەندیدار و حکومەت کردووە تا ئێستا وەڵامى نزیکەى پێنج پرسیارم وەرگرتووەتەوە کە ئەوانەش قایلکەر نین". ، وتیشت: "ئەگەر سەرۆکى حکومەت ئاگاى لەداهاتى نەوت نیە چۆن لەوتارەکەى دا بەبۆنەى سەد ڕۆژ تێپەڕبوون بەسەر کابینەکەیدا باس لەوە دەکات هەموو خەڵکى ئاگادارى داهاتى نەوتن، من پەرلەمانتارم ئاگام لێى نیە و سەرۆکى پەرلەمانیش خۆى قسەى کردووە و دەڵێت ئاگام لینیە ئێتر دەبێت کێ ئاگاى لێبێت..؟" ، "من چەندین ساڵە کار لەدۆسییەى نەوتتدا دەکەم تەنها ئەوەندە دەزانم چوار سەد و حەفتا بەرمیل نەوتى ڕۆژانە دەردەهێنرێت وبەشێکى پارەکەى دەچێت بۆ وەزارەتى دارایى و ئەوی ترى نازانریت و ناشەفافە"، کاروان گەزنەیی وادەڵێت. ،

"کارنامەى سەرۆک حکومەت و وتارەکەى بەبۆنەى سەد ڕۆژەى کابینەکەیەوە"

، لەکارنامەکەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا کە ڕۆژى سوێند خواردنەکەى لەپەڕلەمانەوە خوێندیەوە شەفاف کردنى دۆسیەى نەوت لەئەولەویەتى ئەو کارنامەیەدا هاتبوو. ، دواى تیپەڕبوونى سەد ڕۆژیش بەسەر کابینەکەدا لەوتارەکەى دا کە بەو بۆنەیەوە مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەت پێشکەش کرد، جەختى لە شەفافى داهاتى سامانە سروشتیەکان کرد و لەبارەی داهاتە گشتیەکانەوە لە وتارەکەیدا ئەوە هاتبوو:"ئێستا خەرجییەکانی حکومەتیش، زیاتر بەداواداچوونیان بۆ دەکرێت، دەمانەوێت دڵنیابین ئەو خەرجیانە، بە شێوەیەکی دروست و لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا خەرج دەکرێن" ،   سەرۆکى حکومەت جەختى لەوەش کردەوە: "هەر پەیوەست بە داهاتە گشتییەکانی حکومەتەوە، پرۆسەیەکی شەفافمان گرتووەتەبەر، بەتایبەت لە بواری داهاتی سامانە سرووشتییەکان. بە شێوەیەکی بەردەوام داتا و زانیارییەکانمان خستووەتەڕوو. ئێستا گشت هاووڵاتیان دەتوانن بزانن، داهاتی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکانمان چەندە و لە چ بوارێکدا خەرج دەکرێت". ، ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی وتەکانی دابان محەمەدی پەرلەمانتاری گۆڕان، هێشتا دۆسییەکە ڕادەستى سەرۆکى حکومەتیش نەکراوە و هیشتا لاى ئەوانە ماوەتەوە کە پێشتر لەژێر دەستیاندابوو، کاروان گەزنەییش دەڵێت، ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان ئاگای لە داهاتی نەوت نەبێت، ئیتر دەبێت کێ ئاگای لێبێت؟، کە ئەوەش پێچەوانەی قسەکانی سەرۆکی حکومەتە لەبارەی شەفافی داهاتی نەوتەوە.   ،  

چارەسەر چیە..؟

، کاروان گەزنەىی ناردنى بودجەى هەرێم لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە بۆ پەلەمان بە بەشێک لەچارەسەر دەزانێت و دەڵێت: "شەفاف کردنى ئەو کەرتە و ڕەوانەکردنى بودجە بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەى بزانرێت داهات و خەرجى حکومەت چیە و چۆنە بەشێکە لەچارەسەرى بنەڕەتى". ، ئەو پەرلەمانتارە نەشیاردەوە کە ئەستەمە حکومەت ئەو کارەش بکات و بودجەش ڕەوانە بکات.