گه‌ڕان

Shadow Shadow

خواردنی مار و کەروێشک لە مەشقەکانی هێزێکی پێشمەرگە کاردانەوەی لێکەوتەوە [تایبەت]

2020.02.14 - 16:33
App store icon Play store icon Play store icon
خواردنی مار و کەروێشک لە مەشقەکانی هێزێکی پێشمەرگە کاردانەوەی لێکەوتەوە [تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز   بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی کۆمەڵێک پێشمەرگە کە لەکاتی مەشق کردندا بە کاڵی ئاژەڵ دەخۆن کاردانەوەی هاووڵاتیان و ژینگەپارێزگانی لێکەوتەوە و وتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، دژی ئەو حاڵەتەن و داوای ڕاگرتنیشی دەکەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، دەکرێت لەجێگەی ئەوە ئەو هێزانە فێری نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتیمان بکرێن. ، دوێنێ پێنجشەممە 13ی شوباتی 2020، وێنەی کۆمەڵێک کوڕ و کچە پێشمەرگە لە بەشێک لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، کە سەر بە هێزەکانی 80ی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە بوون و لەکاتی مەشقەکانیاندا گۆشتی ئاژەڵی کێوی وەک مار و کەروێشک بە کاڵی دەخۆن، لەکاتێکدا بەوتەی ژینگەپارێزێک بەگوێرەی ڕێنماییە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان کوشتنی مار و کەروێشک قەدەغەکراوە. ، لەوبارەیەوە، سەروەر قەرەداغی، هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو دیاردەیە نە مەردایەتیە، نە ئازایەتی، ژیانی ئاژەڵان و خشۆکەکان بۆ تاقیکردنەوە نیە، ئەوانەی ھێز و بازویان لەسەر ئاژەڵان تاقی دەکەنەوە، لاواز و بێ دەسەڵاتن و ئەرکی ئەوان تەنھا پاراستنی مرۆڤ نیە، بەڵکو پاراستنی ئاژەڵانیشە". ، وتیشی، چۆن دەکرێ ھێزێک خۆی بە پارێزەری خاک و گەل و نیشتیمان بزانێ، بەڵام بە قەپ کەروێشکی زیندو بکوژێ و مار بخوات، لەکاتێکدا هێزی دیکەی تایبەتیش بە پاراستنی ئاژەڵان هەیە، ناکرێت هێزێکی حکومی بیانپارێزێت و هێزێکی دیکە بیانخوات، لەکاتێکدا بەگوێرەی ڕێنماییەکارپێکراوەکان لە هەرێم کوشتنی مار و کەروێشکی کێوی بەتاوان دانراوە و قەدەغەیە، چونکە هیج مرۆڤێک ناتوانێت مافی ژیان لەو ئاژەڵانە بسێنێت و بیانکوژێت. ، هاوکات دەستەی ژینگە دەڵێت، ڕۆژی یەکشەممە بە فەرمی داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن چیتر ئەو نەکەن و قەدەغەی بکەن، ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەش پێیوایە، پێویستە لەجێی ئاژەڵ خواردن، پێشمەرگە فێری نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی بۆ خاک و وڵات بکرێت. ،   هەندرێن شێخ ڕاغب، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم ڕەخنە لەو حاڵەتە دەگرێت و دەڵێت: "ئێمە وەک دەستەی ژینگە و لەڕووی مرۆڤایەتییەوە دژی ئەو حاڵەت و کارانەین و هەوڵی ڕاگرتنی دەدەین". ، وتەبێژی دەستەی ژینگە بە ناس کوردی وت: "ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی ژینگە کۆدەبینەوە و باس لەو حاڵەتە دەکەین و لەڕێگەی نوسراوەوە وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادار دەکەینەوە کە ئەو کارانە ڕابگرێت و چیتر ئەوە جۆرە مەشقە نەکەن". ، لەلایەکی دیکەوە عوسمان کەریم سوارە، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان کە یەکێکە لە پێشمەرگە دێرینەکانی هەریم بۆ ناس کورد وتی: "ڕەنگە ئەو جۆرە مەشقە بۆ ئەوە بێت کە ئەو پێشمەرگانە بتوانن ڕوبەڕوی هەموو شتێکی قورس ببنەوە و سڵ لە هیچ نەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە دروست نییە و ئەگەر بشکرێت نابێت وێنەکانی بڵاوبکرێتەوە". ، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لەجێگەی ئەو ڕاهێنانە، هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو گەنجانەی دەبن بە پێشمەرگە فێری نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتیمان و پاراستنی وڵات بکرێن و خیانەت لە وڵات نەکەن، نەوەک بەوشێوەیە مەشقیان پێبکرێت. ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان جەختیشیکردەوە، لەڕێگەی لیژنەکەیانەوە ئەو هێزانە ئاگاداردەکەنەوە کە چیتر ئەو جۆرە مەشقانە نەکەن و ڕێگەیان لێدەگیرێت. ، ناس کورد چەند جارێک پەیوەندیکرد بە فەرماندەی یەکەکانی 80، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.