کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- لێدوانەکەى مەسرور بارزانى، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان لە سەرەتاى ئەم مانگەدا لەبارەى نیازى ئەمریکا بۆ دانانى سیستەمى بەرگرى ئاسمانى (پاتریۆت) لە هەرێمى کوردستان، دەرگاى بەڕوى پرسێکى گەورەدا کردەوە کە ڕەنگە مشتومڕى زۆر بەدواى خۆیدا بهێنێت. . لەدواى هێرشە موشەکییەکەى ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق لە هەشتى کانونى دووەمى ڕابردوودا لە تۆڵەى کوژرانى قاسم سولەیمانیدا، پێدەچێت ئەمریکا بیرى لە رێگەچارەى نوێ کردبێتەوە بۆ پاراستنى هێزەکانى لە عێراق، سەرەڕاى ئەو فشارە بەهێزەى لەسەریەتى بۆ کشانەوەیان. . هێزەکانى ئەمریکا کە ژمارەیان بە پێنج هەزار دەخەمڵێنرێت لە عێراق، لەچەندین ناوچەى عێراق و هەرێمى کوردستان جێگیرن، بەڵام تا ئێستا سیستەمێکى پێشکەوتوویان نییە بۆ پارێزگارى لێکردنیان. . یەکێک لەو شوێنانەى کە هێزەکانى ئەمریکاى لێ جێگیرە و بووە به ئامانجى هێرشە موشەکییەکەى ئێران بنکەیەکى ئەمریکایە لەناوچەى هەریرى نزیک شارى هەولێر، هەرچەندە هێرشەکە زیانى گیانى و ماددى لێنەکەوتەوە. . پێنجى ئەم مانگە مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى فرانس 24 لە بارەى دانانى سیستمى بەرگریی ئاسمانی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ پاراستنى هێزەکانى لە هەرێم بە تایبەت دوای هێرشە موشەکییەکانی ئێران لە تۆڵەى کوشتنى قاسم سولەیمانیدا ڕایگەیاند "لەبارەى دانانى سیستمى بەرگریی ئەمریکا (پاتریۆت) قسە کراوە و ئەمریکییەکان چاوەڕوانى مۆڵەتی حکومەتى فیدراڵین بۆ دانانى سیستمەکە لە هەرێم".