گه‌ڕان

Shadow Shadow

مەسرور بارزانی داوا لە لایەنەکان دەکات دور لە موزایەدە پشتگیریی لە چاکسازی بکەن

2020.02.12 - 14:35
مەسرور بارزانی داوا لە لایەنەکان دەکات  دور لە موزایەدە  پشتگیریی لە چاکسازی بکەن
ناس کورد- مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێم داوا لە پارت و لایەنە سیاسییەکان دەکات "دور لە موزایەدە و بە کردەوە پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن". . ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی شوباتی 2020، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. . لە ڕاگەیەنراوی فەرمی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەى "پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت و هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە. گوتیشی هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی دارایی وکارگێڕیدا کار لە سەر رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەوانەش داهاتی نەوت  و گاز دەکەین کە دەمانەوێت شەفاف و ڕوون بێت، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان." . دەشڵێت، "ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی ڕاسپارد کە لە ماوەی پازدە ڕۆژدا پێشنیارەکانی خۆیان بۆ ڕەشنووسی پەیڕەوی ئاسانکاريی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادە بکەن و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە." . هەر لە کۆبوونەکەدا "بڕیار درا لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک وەزیری پەیوەندیدار پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی ڕێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان."