گه‌ڕان

Shadow Shadow

نامەکەى کۆسرەت رەسوڵ چى دەگۆڕێت؟

یەکێتى لەبەرداشى دوو ئەنجومەندا (تایبەت)

2020.02.12 - 12:29
یەکێتى لەبەرداشى دوو ئەنجومەندا (تایبەت)
ناس کورد-   دواى کەمتر لە دوو مانگ لە کۆتایی هاتنى کۆنگرەى یەکێتى، جارێکى تر کێشە ناوخۆییەکان بەرۆکى ئەو حزبەیان گرتەوە و ململانێی هەژموون و دەسەڵات لەنێوان دوو ئەنجومەنى نوێدا سەریهەڵداوە کە لە کۆنگرەدا هەڵبژێردران. . کێشەکان دوێنێ سێشەممە تەقینەوە، دواى ئەوەى ئەنجومەنى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى کە لەلایەن کۆسرەت رەسوڵەوە سەرۆکایەتى دەکرێت داواى هەڵپەساردنى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کرد کە سەرقاڵى هەموارکردنەوەى پەیڕەوى ناوخۆى ئەو حزبەیە کە لە 70 ماددە پێکهاتووە. . ئەنجومەنەکە کە لە 121 ئەندام پێکدێت و بەپێی پەیڕەوى ناوخۆى ئەو حزبە بەرزترین دەسەڵاتە، زیاتر لە مانگێکە سەرقاڵى هەموارکردنەوەى پەیڕەوى ناوخۆیە و تا ئێستا زۆربەى ماددەکانى هەموارکردووەتەوە. . لەکۆنگرەى چوارەمى یەکێتیدا کە لە کۆتایی ساڵى رابردوودا بەڕێوەچوو، دەسەڵاتى هەموارکردنى پەیڕەوى ناوخۆى ئەو حزبە درایە دەست ئەنجومەنى سەرکردایەتى کە کارەکانى بۆ هەموارکردنى پەیڕەوەکە لە ئێستادا کێشەى لێکەوتووەتەوە. . یەکێک لە خاڵەکانى پەیڕەوەکە کە لەلایەن ئەنجومەنەکەوە پەسەندکراوە، تایبەتە بە پەیڕەوکردنى سیستەمى هاوسەرۆکى بۆ ئەو حزبە، بەوەش کۆتایی بە بەرێوەبردنى یەکێتى دێت لەلایەن یەک کەسەوە. پەسەندکردنى ئەو سیستەمە کێشەى لەناوخۆى ئەو حزبە دروستکردووە و کێشەکان دوێنێ (سێشەممە) تەقینەوە، دواى بڵاوبوونەوەى دەنگۆى یەکلاکردنەوەى پۆستى هاوسەرۆک بۆ هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانى و لاهور شێخ جەنگى ئەندامانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى، لەکۆبوونەوەى ئەنجومەنى سەرکردایەتیدا، هەرچەندە دواتر یەکێتى ڕەتیکردەوە کەس دیاریبکرابێت. . هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەى ئەنجومەنى سەرکردایەتیدا، ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى ئێوارەى دوێنێ کۆبووەوە و بڕیارەکانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى تاوتوێکرد کە بە "هەستیار" ناویبردووە. . لە نامەیەکى ئەنجومەنەکەدا کە واژۆى کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکى ئەنجومەنەکەى لەسەرە و ئاڕاستەى ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کراوە جەختکراوەتەوە کە یەکێتى کەوتووەتە دۆخێکەوە پێویستە وریابن، بۆیە داواى هەڵپەساردنى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کردووە. . هەروەها لەنامەەدا هاتووە "تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانن، بۆ دەسەڵات و ئۆرگانەكان، مەترسی لەسەر هاوسەنگی ڕیزەكانمان هەیە، بۆیە پێش بەكاڵاكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی باڵا، لەلایەن لیژنەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەوە شەرعیەتی ئۆرگانیكی وەرناگرێت". . ئەنجومەنەکە بە پێویستى زانیوە کۆبوونەوەى بەرپرسیارانە بکرێت بۆ چارەسەرى کێشەکان، دواتر بڕیاربدرێت کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى بەردەوام بن. سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى بە ناس کوردى راگەیاند "بڕیارە کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى بەردەوام بن تا تەواوى ماددەکانى پەیڕەوى ناوخۆ هەمواردەکرێتەوە". . ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى تا ئێستا زیاتر لە 60%ى مادەکانى پەیڕەوى ناوخۆى هەموارکردووەتەوە و هەندێ ئۆرگانى بۆ حزبەکە زیادکردووە و هەندێکیشى هەڵوەشاندووەتەوە. . سەرچاوەکە کە بەمەرجى ناونەهێنانى قسەیکرد باسى لەوەکرد، سیستەمى هاوسەرۆکى بۆ یەکێتى جێگیرکراوە و ئەنجومەن دەنگى لەسەر داوە، بەڵام تا ئێستا کەس خۆى کاندید نەکردووە و دیار نییە کەى پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت. . پێش پەسەندکردنى ئەو سیستەمە لەناو یەکێتیدا باس لە زیاد لە شێوازێک دەکرا بۆ دیاریکردنى کەسى یەکەمى ئەو حزبە، لەوانە هەڵبژاردنى سەرۆک یان سکرتێر، سیستەمى هاوسەرۆکى، دروستکردنى ئەنجومەنێک بۆ بەڕێوەبردنى حزبەکە، بەڵام دواتر سیستەمى هاوسەرۆکى پەسەندکرا. . سەرچاوەکەى سەرکردایەتى یەکێتى باسى لەوەکرد "کۆبوونەوەکانى سەرکردایەتى شەرعیەتیان هەیە، لەبەرئەوەى زیاتر لە نیوەى ئەندامەکان بەشداربوون". . سەرەراى نامەکەى کۆسرەت رەسوڵ بۆ هەڵپەساردنى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى، ئەنجومەنەکە ئەمرۆ (چوارشەممە) درێژەى بەکۆبوونەوەکانیدا و بڕیارە نامەکەش تاوتوێبکرێت. . مستەفا چاوڕەش، سەرپەرشتیاری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنى سەرکردایەتی یەکێتی بە ناس کوردی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن و بڕیارە نوێنەری ئەنجومەنی باڵا سەردانیان بکات بۆ گفتوگۆ کردن. . لاى خۆیەوە، سەرچاوەیەکى دیکەى سەرکردایەتى یەکێتى پێش دەستپێکردنى کۆبوونەوەکە بە ناس کوردى ڕاگەیاند "مستەفا چاوڕەش سەرپەرشتیارى کۆبوونەوەکان ئەندامانى سەرکردایەتى ئاگادارکردووەتەوە کە بەشدارى کۆبوونەوەکە بکەن". . وتیشى "ئێمەش بەدەم بانگهێشتەکەوە چووین، ئەوانەشى کە ناڕازین و نزیکن لەکۆسرەت رەسوڵ و گروپى کەرکوکییەکانیش ئامادەن، هەوڵدەدرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن". . تا ئێستا دیار نییە ئەم کێشە نوێیە دۆخى یەکێتى بەرەکوێ دەبات، بەتایبەت کە دواى ساڵانێکى درێژ لە ناکۆکى ناوخۆیی و چەندین ساڵ دواخستن، ئەو حزبە کۆتایی ساڵى رابردوو کۆنگرەى بەست و هێشتا بەپێی بڕیارەکانى کۆنگرە تەواوى ئۆرگانەکانى رێکنەخستووەتەوە.