کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- دواى ماوەیەکى کەم لە کوژرانى قاسم سولەیمانى لە هێرشى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئەمریکا لە عێراق، گروپى حزبوڵاى لوبنانى کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانى دەکرێت، کۆبوونەوەى بەپەلەى لەگەڵ سەرکردەى گروپە چەکدارە عێراقییەکان کردووە، بۆ یەکخستنى ڕیزەکانیان و پڕکردنەوەى بۆشایی گەورەى کوژرانى ڕێبەرەکەیان، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوەى ئاگادار لە کۆبوونەوەکان کە بۆ ئاژانسى ڕۆیتەرز قسەیان کردووە. . هەرچەندە دوو سەرچاوەکە زانیارى زیاتریان لەو بارەیەوە نەدرکاندووە، بەڵام دوو سەرچاوەى دیکە لە هاوپەیمانى هەرێمایەتى سەر بە ئێران ڕایانگەیاندووە، حزبوڵا کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستى تیرۆرەوە، دەستوەردانى کردووە بۆ یارمەتیدانى پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە کە دواى کوژرانى سولەیمانى دروستبووە، بەتایبەت لە پرسی ئاڕاستەکردنى گروپە چەکدارە عێراقییەکان. . یەکێک لە سەرچاوە عێراقییەکان دەڵێت، سولەیمانى چەند مانگێک پێش کوژرانى کۆبوونەوەى لەگەڵ گروپە چەکدارە عێراقییەکان کردووە لە بەغدا و لە قەیرانى عێراق تێوەگلاوە، لەکاتێکدا ئێران لە هەوڵدا بوو بۆ بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکانى و بەرژەوەندییەکانى لە ململانێیدا لەگەڵ ئەمریکا. . دەستوەردانى حزبوڵاى لوبنانى فراوانکردنى ڕۆڵەکەیەتى لە ناوچەکە. ئەو گروپە شیعییە کە ساڵى 1982 سوپاى پاسداران دایمەزراند، ساڵانێکى درێژە میحوەرێکى ستراتیژى ئێرانییە لە ناوچەکە و یارمەتى سولەیمانیداوە لە مەشقکردن بە گروپە چەکدارەکان لە عێراق و سوریا. وردەکاریی کۆبوونەوەکان بەرپرسێکى هەرێمایەتى سەر بە ئێران دەڵێت، "ئاڕاستەکردنى گروپە چەکدارە عێراقییەکان لەلایەن حزبوڵاوە بەردەوام دەبێت تا دیاریکردنى سەرکردایەتییەکى نوێ لە فەیلەقى قودس کە لەلایەن سولەیمانییەوە سەرۆکایەتى دەکرا، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانى سیاسی لە عێراق". . بەوتەى دوو سەرچاوەى عێراقى، کۆبوونەوەکانى نێوان حزبوڵا و سەرکردەى گروپە چەکدارە عێراقییەکان لە کانونى دووەمى ڕابردوو دەستیپێکردووە، دواى چەند ڕۆژێکى کەم لە کوژرانى سولەیمانى.