کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- گیو وینگی، کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆن و ملیاردێری چینی ڕایگەیاند، ژمارەى مردووان بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر زیاترە لەوەى حکومەتى چین ڕایگەیاندووە. . گیو وینگی کە لە ئێستادا ئەمریکا دەژی لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "چەند بەڵگەیەکی لایە کە ژمارەى مردووان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتووەتە 50 هەزار کەس، هاوکات ژمارەى توشبووانیش تەنها لە شاری ووهان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس." . وینگی جەختیکردەوە کە "ئەو ژمارە لە توشبووان ڕاستەقینەن و نەخراونەتە ژێر چاودێری تەندروستی و قەرەنتینەوە" و دەشڵێت، "بەرپرسانی چینی زیاتر لە 250 ملیۆن کەسیان خستووەتە ژێر چاودێری تەندروستی." . ئەو بەرپرسەى ئۆپۆزسیۆنی چینی دەشڵێـت، "حکومەتى چین کورەى سوتاندنی تەرمی مردووانی هەیە کە بە درێژایی ڕۆژ کار دەکات و ڕۆژانە هەزار و 200 تەرم دەسوتێنێت." . ئەمرۆ چوارشەممە، لەدوای تۆمارکردنی 99 حاڵەتی گیانلەدەستدانی نوێ، ژمارەى فەرمی مردووانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بازی دا بۆ هەزار و 155، هاوکات توشبووانیش بەرزبووەتەوە بۆ 45 هەزار و 188 کەس. . ئەوە یەکەمجار نییە چینییەکان باس لە نەبوونی متمانە بە ژمارەى فەرمی حکومەتى چین دەکەن، پێشتر پزیشکێک لە شاری ووهان ڕایگەیاند کە ژمارەى توشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە 90 هەزار کەس. . هەروەها چەندین کەس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ویچات کە وەک تویتەر وایە لە چین گومانی خۆیان لە ژمارەی ڕاستەقینەى توشبووان و مردووان نەشاردووەتەوە و باسیان کردووە.