کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح
جگە لە یەکهەڵوێستی کورد، گلەیی فراکسیۆنەکانی دەرەوەى یەکێتی و پارتی و دابەشکردنی پۆستەکان لە بەغدا خاڵی سەرەکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق بوو.
.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیار درا چیدی پۆستەکانی بەغدا تەنها بۆ پارتی و یەکێتی نەبێت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوویش ڕایگەیاند، هیچ لایەنێکی سیاسی کوردی بۆ لەمەودوا بەجیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێدراو کۆنابێتەوە، دوا بڕیاریش لەسەر هەڵوێستی کورد لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت.
.
"کورد هاوپەیمانێتی دروست دەکات و پێکەوە دەچنە بەغدا"
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕایگەیاند، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی هاوپەیمانی کوردستانی بوو لە پەرلەمانی عێراق و نەهێشتی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕێگرن لە پێکهێنانی ئەوهاوپەیمانییە، بڕیاریشە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن.
.
سەلیم شوشکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق لەوباریەوە وتی: "بنبڕکردنی گلەییەکانی فراکسیۆنە کوردییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ( گروپی 15) تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بوو لەگەڵ سەرۆکی هەرێمدا".
لە ڕاگەیەنراوی فەرمیی کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا هاتووە، "دۆخى عێراق و ههنگاوهكانى يهكخستنى ههڵوێستى لايهنه سياسييهكان و فراكسيۆنهكان و دامهزراوه فهرمييهكانى ههرێم بۆ چۆنيهتيى مامهڵهكردن لهگهڵ پێشهاتهكانى گۆڕهپانى سياسيى عێراق و كوردستان، ههروهها گفتوگۆ دهربارهى ههنگاوى كردهيى بۆ پێكهێنانى هاوپهيمانيى فراكسيۆنه كوردستانييهكان، تاوتوێ كران."
.
"لەمەودوا لە پۆستەکاندا بەشی لایەنەکانی تر دەدرێت"
.
وتیشی: "سەرۆکی هەرێم بەڵێنی ئەوەی داوە بۆ لەمەودواهەموو ئەو پۆستانەی کە پشکی کوردن لە بەغدا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لە نێوان لایەنە کوردستانیەکاندا دابەشبکرێن و هەرلایەنێکیش بەپێی قەبارەی وسەنگی خۆی پشک وەربگرێت".
"بەم نزیکانە شاندێکی کوردستانی لە پێکهاتەی هەموو حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ دانووستان لەگەڵ حکومەتەکەی عەلاوی، هەموو ئەم هەنگاوانەش لە پێناو نەهێشتنی ئاستەنگەکان بۆ کاراکردنەوەی هەوپەیمانی کوردستانی" سەلیم شوشکەیی وای وت.
.
"نابێت هەر حزبێک لە ئاوازێک بخوێنێت"
پێش کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم، گروپی 15 لە پەرلەمانی عێراق کە پێکهاتوون لە 15 پەرلەمانتاری کورد لەگەڵ عەلاویدا کۆبوونەوە، هەروەها دوێنێش نێردەی تایبەتی عەلاوی لە هەولێر لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا کۆبووەوە، دوێنێش شاندێکی یەکێتی بە جیا لەگەڵ عەلاوی کۆبوونەوە و بەپێی هەواڵی میدیای فەرمی ئەو حزبە، "پرسی پێكهێنانی حكومەت و پشكی كورد لەكابینەی نوێدا تاوتوێ كران".
.
هاوکات جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دەربارەی کۆبوونەوەکە بە ناس کوردی وت: "بڕیار درا کە دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتەکەی عەللاوی بە بەشداری هەموو لایەن سیاسییە کوردییەکان بێت و نابێت هیچ لایەنێکی کوردی بە جیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێدراو گفتوگۆبکات، بڕیاری کۆتایش لە سەر هەڵوێستی کورد لەو باریەوە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت".
.
"پاش وەرگرتنی ڕای ئەندامانی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق لەلایەن سەرۆک فراکسیۆنەکانەوە، بڕیارلە سەر پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستان لە بەغدا دەدرێت" جەمال کۆچەر وا دەڵێت.
.
بەڵام ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەوانە بە کۆبوونەوەی فەرمی سەرکردایەتی کورد لەگەڵ عەلاویدا دانانرێن و نافەرمین.
.
جەختیشیکردەوە، ئەمجارە کورد وەک فراکسیۆنێکی کوردی لەگەڵ محەمەد عەلاویدا گفتوگۆ دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت و پرسی مافەکانی کورد لە بەغدا و تەواو جیاواز دەبێت لە ڕابردوو.
"عەلاوی یان خۆپیشاندەران"
لەدوای ڕاسپاردنی عەلاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق، خۆپیشانەکان بەردەوامن و خۆپیشاندەران عەلاویش ڕەتدەکەنەوە، کە ئەوەش کورد دەخاتە نێوان دوو بەرداشەوە پشتگیریکردنی عەلاوی یاخود خۆپیشاندەران.
لەماوەی ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتگیری بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی و ئاماژەی بەوەکرد: "خۆپیشاندەران داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن و بە هێز و کوشتن و توندوتیژی کپ ناکرێنەوە".
.
لەوبارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکرد: "بێگومان ئێمە پشتگیری لە داواکانی خۆپیشاندەران دەکەین و تائێستاش سەرکردایەتی کورد بە فەرمی پشتگیری لە عەلاوی نەکردووە و لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەوە یەکلایی دەبێتەوە کە هەڵوێستی هەرێم چی دەبێت، بەڵام هەرچییەک بێت ئەوا بە کۆی دەنگی کورد دەبێت لە بەغدا و سەرجەم فراکسیۆنەکانیش پێوەی پابەند دەبن".
.
پێشتر ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی فراکسیۆنى کۆمەڵ لە بەغدا سەبارەت بەوەى کە ئەوان پشتگیرى عەلاوى دەکەن بەڵام لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕەتدەکرێتەوە بە ناس کوردی وت، “ئێمە پشتگیرى خۆپیشاندان دەکەین و ئەوان مافى خۆیانە و داواى شەفافیەت و نەهێشتنى گەندەڵى و ئەنجامدانى خزمەتگوزارى و هەڵبژاردنى پێشوەخت دەکەن و تا ئێرە ئێمە لەگەڵیانداین”.
.
“بەڵام ئەوان کە هەموو کەس ڕەتدەکەنەوە لەگەڵ ئەوەدا نین، چونکە چۆنێتى دامەزراندنى حکومەت لە دەستوردا دیارى کراوە وڵات بەبێ دەستور بەڕێوە ناچێت، کەى لەناو مەیدانى خۆپیشاندانەکاندا خەڵک کاندید کراوە بۆ پێکهێنانى حکومەت، ئەمە پێچەوانەى عورفى هەموو جیهانە، ئەوانەى لە پشت خۆپیشاندەرانەوەن خۆیان کارتى دانوستانیان هەیە و عەلاویان بینیوە” ئەحمەدی حاجی ڕەشید وای وت.