کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز هەرێمی کوردستان یەکێک لە ساردترین زستانەکانی ساڵ بەڕێ دەکات و بەهۆیەوە حکومەت پشووی فەرمی ڕادەگەیەنێت، سەرۆکی حکومەت لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوودا ئاماژەى بەوەکرد کە "نەوتی هەموو هاوڵاتیانمان کڕیوە و پێش زستان دابەشی دەکەین"، ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانیش دەڵێت، هیچ بڕە نەوتێک نەکڕدراوە و تازە ئەم زستانەش کێشەی نەوت هەروا دەبێت. . هەرچەندە لە ڕۆژى 16ی ئەیلولی 2019 و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختیکردەوە، پێش هاتنى وەرزى زستان نەوتى سپى بۆ هاوڵاتیان دابیندەکرێت، بەڵام تائێستا هاوڵاتیانی هەرێم بەدەست نەبوونی نەوتەوە دەناڵێنن. . ڕێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بە ناس کوردی ڕاگەیاند، ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەگەل سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم کۆبونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت وتبووی: "نەوتی ھەموو ساڵەکەمان کڕیوە و بۆ ھەر مالێک بەرمیلێک نەوت دابەش دەکەین". . وتیشی، دابینکردنی نەوت لە دەسەڵاتی پارێزگاکاندا نییە و پێویستە حکومەت نەوت بۆ هاوڵاتیان دابین بکات و ئەوان بەرپرسن لەو کێشەیە. . لە بەرامبەردا کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: "حکومەت هیچ بڕە نەوتێکی نەکڕیوە و تەنها ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتە هەیە کە حکومەتی عێراق تەرخانی کردووە، ئەویش بەشێوەیەکی زۆر خاو دابەشدەکرێت". . "پێنج ساڵ جارێک هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوت وەردەگرێت" کاروان گەزنەیی ڕوونیکردەوە: "هەرێم پێویستی بە 258 ملیۆن لیتر نەوت هەیە بۆ ئەوەی ساڵانە هەر ماڵێک بەرمیلیک نەوتی پێبدرێت، لەو 258 ملیۆن لیتر پێویستییە، 60 ملیۆن لیتری هی ناوچە شاخاوی و زۆر ساردەکانە و لەوێوە حکومەت دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکات، بەڵام ئێستا تەنها 50 ملیۆن لیتری بەغدا هەیە و نەک بۆ هەموو هەرێم، بەشی ناوچە شاخاوییەکانیش ناکات". . بە پشت بەستن بەو ژمارانەی ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سروشتییەکان، واتە ئەگەر حکومەت خۆی نەوت دابین نەکات و تەنها ئەو بڕە نەوتەی بەغدا بێت، ئەوا هەر ماڵێک لە هەرێم ماوەی پێنج ساڵ جارێک بەرمیلێک نەوتی بەردەکەوێت. . کێشەکە چییە؟ کاروان گەزنەیی ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکە ئەوەیە حکومەت تا نەکەوێتە ناو کێشەکەوە بیرناکاتەوە، خەڵک ئێستا دەیەوێت نەوت لە ماڵەکەیدا بێت، نەک ئێستا حکومەت بیر لە چارەسەر بکاتەوە و مانگی چوار نەوت دابەش بکات. . وتیشی، دەبوو لە مانگی هەشتەوە حکومەت بیری لەوە بکردایەتەوە و نەوتی بەسەر دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان دابەش بکردایە و دواتریش ناوچەکانی دیکە و ئەوە بۆ هەموو ساڵێک ڕاستە کە دەبێت وابکات. . ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە داواش لە بەغدا بکەن ئەو 50 ملیۆن لیترە زیاد بکەن و ئەوەشی دەمینێتەوە حکومەت خۆی پێش هاتنی وەرزی زستان بیکڕێت و دابەشی بکات، کە لە سەرجەمی ئەوە کێشە و کەمتەرخەمییەشدا، هاووڵاتیان زەرەرمەندی یەکەمن لەم زستانە ساردەدا. .