گه‌ڕان

Shadow Shadow

پارەکە بۆ کوێ دەچێت و چۆن خەرج دەکرێت؟

حکومەت ملیارێک و 686 ملیۆن دیناری لە تاقیکردنەوەى وەرگرتن لە خوێندنى باڵا دەستکەوتووە

2020.02.10 - 21:19
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەت ملیارێک و 686 ملیۆن دیناری لە تاقیکردنەوەى وەرگرتن لە خوێندنى باڵا دەستکەوتووە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح   حکومەتى هەرێمى کوردستان زیاتر لە یەک ملیار و نیو دینارى لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى تایبەت بە وەرگرتنى خوێندکاران لە ماستەر و دکتۆرا دەستکەوتووە و پارەکەش بەشێکى دەدرێتە خوێندنى باڵا و ئەوەى دیکەى دەدرێتە وەزارەتى دارایی. . بۆ ئەمساڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا گۆڕانکاریی کرد لە مەرجەکانى وەرگرتن لە خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و بڕیاریدا وەرگرتن بەپێی چەند قۆناغێک بێت کە یەکەمیان بەشداریکردنە لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى. . تاقیکردنەوەکە ئەمڕۆ لە 15 زانکۆى حکومى بەڕێوەچوو، بە بەشدارى 11 هەزار و 242 پێشکەشکار، کە هەرکەسێکیان بڕى 150 هەزار دیناریان لێوەرگیراوە و کۆى گشتى پارەکە دەکاتە یەک ملیار و 686 ملیۆن و 300 هەزار دینار دەکات. . عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "هەر پێشکەشکارێکی بەشداربووی تاقیکردنەوەکانی  توانستی زانستی بڕی 150 هەزار دیناریان لێ وەرگیراوە، ئەو پارەیە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دەکرێت و ئەوانیش بە گوێرەی ڕێکارە یاساییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.  . بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا، لەو 11 هەزار و 242 کەسەى بەشدارى تاقیکردنەوەکانیان کردووە، هەزار و 505 پێشکەشکار بۆ دبلۆمى باڵا، حەوت هەزار و 343 پێشکەشکار بۆ ماستەر، دوو هەزار و 394 پێشکەشکار بۆ دکتۆرا بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکان کردووە.  هاوکات ئەحمەد عەبدولڕەحمان، وتەبێژەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە  ناس کوردی ڕاگەیاند، "داهاتی وەزارەتەکان بە گوێرەی یاسا ڕێکخراوە، هەر وەزارەتێک پاش ڕەوانەکردنی داهاتەکەی بۆ وەزارەتی دارایی بە گوێرەی ئەو یاساییە ڕێژەیەکی دیاریکراوی پێ دەرێت، لای خۆشیەوە وەزارەتەکە بەشێک  لەو ڕێژەیە تەرخاندەکات بۆ فەرمانگەکانی خۆی".   . لیژنەى خوێندنى باڵاى پەرلەمانى کوردستان بەنیازە بەدواداچوون بکات بۆ چۆنیەتى خەرجکردنى ئەو پارە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزیرى خوێندنى باڵا کۆدەبێتەوە. . گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی بزانین ئەو گوژمە پارەیە چون مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئایا بۆ زانکۆکان دەبێت یاخود ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دەکرێت". وتیشى "تاوتوێی ئەوەمان کردووە بڕی پارەکە زیاتر بکەین نەک کەمی بکەینەوە بۆ ئەوەی دەرفەت تەنها بەو کەسانە بدرێت کە لە خۆیان ڕادەبینن توانای خوێندنی باڵایان هەیە، چونکە هەندێ کەس تەنها بۆ تاقیکردنەوەی شانسی خۆی تاقیکردنەوەکەی ئەنجامداوە". . بەوتەى گەلاوێژ عوبێد، تێچووی ئەو جۆرە تاقیکردنەوەیە زۆر دەکەوێت لە سەر زانکۆکان، بەشێک لەو پارەیەی کە وەردەگیرێت تەرخاندەکرێت بۆ کرێی پشکنینی تێنووسەکانی تاقیکردنەوەکان، بۆیە ئەگەر پارەکە زیاتر بکرێت تەنها ئەو کەسانە پێشکەش بە خۆێندنی باڵادەکەن کە تەواوی  مەرجەکانیان تێدابێت و خۆیان بە شایستەی دەزانن.