کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتى لە 70%ی کێشە ئەمنیيەکان کە ڕوبەڕوى وڵاتەکەى دەبێتەوە دەکەوێتە ئەستۆى تاران، ئەوەش لەڕێگەى ڕاهێنان و پاڵپشتیکردنى گروپە توندڕەوەکانى وەکو حەماس و جیهادى ئیسلامى و حزبوڵاى لوبنانیەوە. . نەفتالى بێنیت، وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل لەمیانى بەشداریکردن لەهەڵمەتى کەمپەینى هەڵبژاردنەکانى وڵاتەکەیدا ئاماژەى بەوەکرد، ستراتیژی ئێستاى وڵاتەکەیان گۆڕیوە بەرەو بەئامانجگرتنى سەرى هەشت پێیەکە، لەبرى شەڕ لەغەزە و لوبنان، وتیشى "قسە لەسەر پێویستى شەڕێکى گشتگیر لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ناکەم کە زۆر لەشەڕى ساردى نێوان یەکێتى سۆڤێت و ویلایەتە یەکگرتووەکان، دەچێت". . بێنێت باسى لەوەکرد، تا ئێستا پێنج بارهەڵگرى چەکى ئێرانى کە بۆ حزبوڵا چووە کردویانەتە ئامانج و لەئێستاش بەدواوە هەموو بارهەڵگرەکانیان دەکەنە ئامانج. . وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل ئەوەشى خستەڕوو، ڕێکكەوتن لەنێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەیە وڵاتەکەشى بەرپرسیارێتى ڕوبەڕوبونەوەى ئێران لەسوریادا دەگرێتە ئەستۆ، هەروەها واشنتۆن بەرپرسە لەدژایەتیکردنى ئێران لەعێراقدا. . بێنێت هۆشدارى شەڕێکى نوێى لەئایندەیەکى نزیکدا لەغەزە دا و دەڵێت، هیچ بژاردەیەکى تر نەماوەتەوە جگە لەشەڕ، هەروەها هیچ سەرکردەیەکى حەماسیش پارێزبەندى لەو شەڕەدا ناکرێت. .