کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- پەرلەمانتارێکى پارتى ڕەتیدەکاتەوە حزبەکەى مەرجى کردنە دەرەوەى حەشدى شەعبى لەموسڵ بۆ عەلاوى دانابێت لەبەرانبەر دەنگدانیان بە کابینەکەی. . ئەمڕۆ (یهكشهممه) حەنین قەدۆ پەڕلەمانتارى هاوپەیمانى فەتح ڕایگەیاند، پارتى بەسەرۆکایەتى مەسعود بارزانى بەمەرجى دەرکردنى حەشدى شەعبى لەناوچەى نەینەوا دەنگ بە محهمەد تۆفیق عەلاوى، دەدات. . عماد باجەلان، پەرلەمانتارى پارتى لە پەرلەمانى عێراق بەناس کوردى ڕاگەیاند "لێدوانەکانى حەنین قەدۆ کەسییە و گوزارشت لەڕاو بۆچونى فراکسیۆنەکەى ناکات، ئەو لێدوانەش هەڵەیە بۆ پەردەپۆشکردنى شکستى وەعد عەدۆى برایەتى کە ئامرلیواى حەشدى شەعبى بوو و لەکارەکەى دوورخرایەوە". . وتیشى "ئەوە واى لە حەنین قەدۆ کردووە پەنجەى تۆمەت بۆ پارتى دیموکراتى کوردستان درێژ بکات و قسەکانیشى خۆڵکردنە چاوى خەڵکە". . پەرلەمانتارەکەى پارتى باسى لەوەکرد، حزبەکەى پەیوەندیەکى هاوسەنگى لەگەڵ هاوپەیمانیەتى فەتح وحەشد و لایەنە سیاسیەکانى بەغدا هەیە و سەردان و یەکتربینینیش لەنێوان سەرکردەکانى فەتح و پارتیدا هەیە "بانگەشەکانى قەدۆ پەیوەندییان بەهاوپەیمانیتەکەیەوە نیە وقسەکانیشى تەنها بۆ ڕاکیشانى سەرنجە و هیچى تر". .