گه‌ڕان

Shadow Shadow

بۆچى سیستەمەکە غازەکەى نەگرتەوە؟

وردەکاریی گڕگرتنى غازى بەشە ناوخۆییەکى کچان لە سلێمانى [تایبه‌ت]

2020.02.09 - 21:46
وردەکاریی گڕگرتنى غازى بەشە ناوخۆییەکى کچان لە سلێمانى [تایبه‌ت]
ناس کورد-   درەنگانى شەوى ڕابردوو دەنگى ناڵەیەکى گەورە خوێندکارانى بەشە ناوخۆییەکى کچانى سەر بە پەیمانگاى تەکنیکى سلێمانى تاساند، کە لەژورێکى بەشە ناوخۆییەکەوە بیسترا و بەدوایدا دەنگى هاوارى چەند کچە خوێندکارێک هات. . ڕووداوەکە کاتژمێر 10ى شەو ڕوویدا، کاتێک خوێندکارانى بەشە ناوخۆییەکە چوونە شوێنەکە، بینیان دوکەڵ لە شوێنەکە بەرزدەبێتەوە و دوو کچە خوێندکار برینداربوون. . خوێندکارێکى بەشە ناوخۆییەکە بۆ ناس کوردى گێڕایەوە، شەوى ڕابردوو لەپڕ گوێیان لە دەنگى تەقینەوە و هاوار بووە و بەدەم روداوەکەوە چوون و سەیریان کردووە دوو هاوڕێیان بە سوکى برینداربوون بەهۆى ئاگرەکەوە. . وتیشى"هۆکارى روداوەکە کرانەوەى چاوەکانى غاز بووە، هەرچەندە کەموکوڕی دیکەش هەیە، هەندێک کێشەى غازیشمان هەیە پێشتریش خوێندکارێک ویستبوى ئاگر بدات لەیەکێک لەچاوەکان بەڵام کڵپەى کردبوو". . بەشە ناوخۆییەکە دەکەوێتە نزیک پەیمانگاى تەکنیکى سلێمانى لە گەڕەکى بەختیارى و هەر ژورێک هەشت خوێندکارى تێدایە. . سه‌لارنورى، بەرپرسى بەشە ناوخۆییەکانى کچانى سەر بەپەیمانگاى تەکنیکى سلێمانى بە ناس کوردى وت"دەستبەجێ چوینەتە بەشە ناوخۆییەکە و بۆمان دەرکەوت روداوەکە بەهۆى کەمتەرخەمییەوە بوە، چاوى غازەکەیان کردوەتەوە و جێیان هێشتوە و ئەوەى دواتر کە چووە ویستویەتى ئاگرى لێبدات تەقیوەتەوەو ئەو روداوە رویداوە". . وتیشى "ئەمشەویش بەهەمان شێوە ئەو کەمتەرخەمییە کراوە و غازەکە بەردراوەتەوە، ئەو خوێندکارانەى بریندار بوون براونەتە نەخۆشخانە برینەکەیان زۆر سوک بووە و گەڕاونەتەوە، کامێراى چاودێرى بەسەرغازەکانیشەوە هەیە، لیژنەیەک چوین و سەیرمان کردوەتەوە و بۆمان دەرکەوتووە روداوەکە بەو شێوەیە بووە". . سیستەمى غازى بەشە ناوخۆییەکە سیستەمێکى تایبەتى هەیە کە ئەگەر غازەکە بکرێتەوە بەبێ ئەوەى گڕى لێبدرێت ڕاستەوخۆ سیستەمەکە دەیگرێتەوە، بەڵام لەم رووداوەدا سیستەمەکە کاری نەکردووە. . سەلار نورى وتى "سیستمى غازەکان نوێن و پشکنینیان بۆ کراوە و هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام هۆکارى ئەوەى هەستەوەرەکە نەیگرتوەتەوە ئەوەیە نەگەیشتووەتە ئەوەى بگاتە ئاستى بڕینى غازەکە، هەروەها بە تەنیشت ئەو چاوەوە چاوێکى تر ئیشى کردوە و ئاگرى پێوە بووە، ئەگەر ئاگر بە چاوەکانیەوە نەبێت ئەوە ئەو کاتە دایدەخاتەوە". . ئەمە یەکەمجار نییە ڕووداوى ئاگرکەوتنەوە لە بەشە ناوخۆیی خوێندکاران لە سلێمانى بکەوێتەوە، پێشتر چەند ڕووداوێک ڕوویانداوە و بەهۆیانەوە چەند خوێندکارێک برینداربوون. . ساڵانە بەشە ناوخۆییەکان لەلایەن بەرێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى سلێمانىییەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت و پێویستە مەرجەکانى سەلامەتیان بۆ دابنرێت، تا خوێندکاران لەهەر ڕووداوێک بەدوربن کە رووبدات. . رێکان محەمەد، وتەبێژى بەرگرى شارستانى سلێمانى بە ناس کوردى وت "ئێمە بەدەم روداوەکەوە چوین و شتێکى زۆر سادە بوو، دوو کچ زۆر بە سوکى برینداربوون". . باسى لەوەشکرد، هەموو ئەو بەشانە ساڵانە پشکنینیان بۆ دەکەن، ئەگەر پێویستیان بەهەرچیەک بێت بەدەمیانەوە دەچن و ناوبەناویش سەردانیان دەکەن و رێنماییان دەدەنێ، هەروەها لەکاتى نوێکردنەوەى مۆڵەت سەرجەم مەرجەکانیان بەسەردا جێبەجێ دەکەن. .