گه‌ڕان

Shadow Shadow

لە هەفتەیەکدا بەفربارین هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە

2020.02.08 - 20:37
لە هەفتەیەکدا بەفربارین هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە
ناس کورد- بەگوێرەی پێشبینییەکانی زانایانی بواری کەشناسیی عێراقی، بە هۆی هاتنی بارستە هەوایەکی بەستەڵکی جەمسەری باکورەوە، شەپۆلێکی بەفربارین لەم هەفتەیەدا هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی عێراق دەگرێتەوە. ، ئەمڕۆ شەممە 8ی شوباتی 2020، نائل عەلی، شارەزای عێراقی لە بواری کەشناسیدا، لە هەژمارەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک بڵاویکردەوە: " بەهۆی  تێکەڵبوونی بارستە هەوایەکی زۆر ساردی جەمسەری باکوری زەوییەوە بە بای باکوری ڕۆژئاوا پلەکانی گەرما بە ئەندازەیەکی زۆر لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار لە عێراق  نزمدەبێتەوە". ، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەفربارینەکە ئەمشەو شەممە دەستپێدەکات بە تایبەتی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەمەدا بەفربارینەکە کۆتایی دێت. ، پێشبینی ئەوەشی کردووە  ڕۆژی سێشەمە دیسانەوە بەفربارین دەستپێبکاتەوە و بەردەوام بێت تا ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 13ى شوبات. ، لای خۆشیەوە سادق عەتییە، شارەزا کەشناسیی عێراقی،  ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە دیاردەیەکی دەگمەندا، ڕۆژی سێشەممە 11ی شوبات، بەفر لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای نەینەوا و ئەنبار دەبارێت، ئەگەرێکی زۆریشی هەیە لە بەغدای پایتەختدا بەفر ببارێت. ، بەگوێرەی ماڵپەڕی  کەشناسی عەرەب، ئەو بارستە هەوا جەمسەرییە، هەموو ناوچەکانی وڵاتی شام، عێراق، دوورگەی عەرەب و کەنداوی عەرەبی دەگرێتەوە،  کە پانتایەکی بە دووملیۆن کیلۆمەتر زیاتر مەزەندە دەکرێت. ، هەروەها ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بەئەندازەیەکی زۆر لە چەندین وڵاتی عەربیدا بێنەخۆارەوە و هەڕەشە لە ژیانی خەڵکی ناوچەکە بکات، بە گوێرەی پێشبنییەکانی ئەوماڵپەرە  ئەگەری هەیە پلەکانی گەرما 10 پلە بێتە خوار  پلەی سفری سەدیەوە.