گه‌ڕان

Shadow Shadow

ئایا چین ڤایرۆسی کۆرۆنا لەدژی موسڵمانانی ئیگۆر بەکاردەهێنێت؟

2020.02.08 - 16:19
ئایا چین ڤایرۆسی کۆرۆنا لەدژی موسڵمانانی ئیگۆر بەکاردەهێنێت؟
ناس کورد- موسڵمانەکانى ئیگۆر لە چین ترسى ئەوەیان هەیە دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە ڤایرۆسى کۆرۆنا بە ناویاندا بڵاوبکەنەوە، ئەوەش بۆ پەردەپۆشکردنى ئەوانەى کە لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا لە زیندانەکانى چین گیانلەدەست دەدەن دواى ئەوەى لە هەڵمەتێکى ڕەشبگیریدا زیاتر لە ملیونێک خەڵکى دەستگیر کرا. . ڕۆژنامەى میترۆى بەریتانی بڵاویکردەوە، کەسوکارى ئەوانەى کە لە زیندانە سەربازییەکاندان گومانی ئەوەیان هەیە حکومەت ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و بڵێت ڤایرۆسى کۆرۆنا هۆکارى مردنى ئەوانەن  لەو زیندانانەدا گیانلەدەستدەدەن. . چالاکانى چین باسیان لەوە کردووە، ئەو دەستگیرکراوانە بە شێوەیەکى بەرنامە بۆداڕێژراو ڕووبەڕووى دەستدرێژى سێکسى بە کۆمەڵ و ئازاردانى جەستەى و دەروونى دەبنەوە. . لەگەڵ بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناشدا و گەیشتنى بە ناوچەى پۆنگیانگ، کەسوکارى زیندانیکراوەکان ترس و دڵەڕاوکێ دایگرتوون کە بارودۆخى خراپی زیندانیەکە و قەرەباڵغ و پیسى بەندینخانەکە ببێتە هۆى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکە. . سەنتاش بەهرام قسەی بۆ ڕۆژنامەی میترۆ کردووە و بە وتەی خۆی باوکى ڕۆژنامەنوسە و ساڵى 2018 دەستگیر کراوە نازانێت کە مردوە یاخود لە ژیاندایە، ئەوەش بەهۆى ئەوەى ئەو لە ئەمریکا دەژی و حکومەتى چینیش هەموو ئامڕازێکى پەیوەندیکردنى بە کەسوکارییەوە لێ قەدەغە کردووە. کوڕى ئەو ڕۆژنامەنوسە ترسى لەوەش هەیە دەسەڵاتدارانى چین ڤایرۆسى کۆرۆنا بقۆزنەوە و لەدژى زیندانیەکان بەکاربهێنن. . بەهرام بە ڕۆژنامەکەشى ووتووە، "خەڵکى ترسى لەوەیە بە ئاسانى بمرن بەهۆى خێرا بڵاوبونەوەى ئەو ڤایرۆسەوە، گومانیش لەوە دەکرێت بۆچى چین بۆ ڕێگرى لە بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکە 50 میلۆن کەسى دابڕى و دەروازەکانى ناوچەکانى داخست، بەڵام چادرى زیندانیەکانى دانەخستووە. . کانبینویر کە خوشکێکی لە زیندانەکاندایە دەڵێت: "هیوادارم حکومەت بەو کارە هەڵنەستـێت و بەئەنقەست ئەنجامیبدات، ترسم لەوەیە خەڵکى لەوێ بکوژرێت و دواتریش بەپاساوى ڤایرۆسەکە پەردەپۆش بکرێت". . ساڵى 2017 دواى دزەکردنى چەند بەڵگەنامەیەک لەسەر هەڵمەتى ڕەشبگیرى موسڵمانەکان لە هەرێمى پیونگیانگى چین، نزیکەى ملیونێک خەڵکى لەو ناوچەیە دەستگیرکراون کە زۆربەیان لە کەمینە موسڵمانەکانى ئیگۆرەکانى چینن و ڕووبەڕوى سزا و ئازار و ئەشکەنجە کراونەتەوە.