ناس کورد-
ساڵەح محەمەد عێراقى کەسایەتى دیارى رەوتى سەدر و نزیک لە موقتەدا سەدر سەبارەت بە هەڵوێستى مەرجەعى باڵاى ئایینى شیعە لەسەر توندوتیژیەکان دژى خۆپیشاندەران نامەیەکى ئاراستەى وەزیرانى بەرگرى، ناوخۆ و هێزە ئەمنیەکان کرد و داوا دەکات بەرپرسیارێتییەکانیان بگرنە ئەستۆ.
.
ساڵەح محەمەد عێراقى لەنامەکەیدا کە لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە نوسیویەتى، بۆ وەزیرانى بەرگرى، ناوخۆ و هێزە ئەمنیەکان (جگە لە حەشدى شەعبى) پێویستە بەرپرسارێتییەکانتان لەبەردەم خوداو نیشتمان و مەرجەعیەت و گەل و شۆڕشگێڕان بگرنە ئەستۆ و خۆتانى لێ نەدزنەوە.
.
رونیشیکردوەتەوە، "پێویستە دەستبەجێ جڵەوەکە بگرنە دەست و ئاسایش بسەپێنن و بە توندى مامەڵە لەگەڵ تێکدەران و گەندەڵکاران و دەستە چێنراوەکان و بانگەوازانى توندوتیژى و پێشێلکەرانى یاسا و ئەوانەى رێگەکان دەگرن و باڵى فیتنەو ئەوانەى دەوام پەک دەخەن و هانى پەرتەوازەبون دەدەن لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەن".
.
ساڵەح محەمەد عێراقى باسى لەوەشکردوە، پێویستە بەپەلە پارێزگارى لە سنورەکان بکرێت و بە سەرکردایەتیەکى ئازاوە رێگرى لەهەر دەستوەردانێکى دەرەکى و دەستوەردانى حزبەکان و کوتلەکان و ئەوانەى لە پشت سنورەکانەوەن بکەن ... ئەگەر نا عێراق ون دەبێت.
.
لەوتارى رۆژى هەینیدا، عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى ئایینى شیعە لە عێراق ئیدانەى توندوتیژیەکانى دژى خۆپیشاندەران کرد و داوایکرد مەیدانەکانى خۆپیشاندانەکان بپارێزرێن و ریگە بەکەس نەدرێت دەستدرێژى بکاتە سەر خۆپیشاندەران.