کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- محەمەد عەلاوى سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراوى عێراق دوو مەرجى دیاریکردووە بۆ دانانى وەزیرەکانى کابینەکەى و کوتلە سیاسییەکانیشى ئاگادارکردووەتەوە. . محەمەد خالیدى سەرۆکى فراکسیۆنى بەیادر الخیر لە پەرلەمانى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، عەلاوى لەمیانەى کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان جەختیکردووەتەوە کە ڕێگە بە حزب و لایەنەکان نادات بەشدارى بکەن لە دیاریکردنى وەزیرەکاندا. . ئاماژەى بەوەشکردووە، عەلاوى دوو مەرجى داناوە بۆ دیاریکردنى کاندیدەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان کە بریتین لەوەى دەستپاک بێت و لە گەندەڵى تێوەنەگلابێت و پسپۆڕ بێت لەو بوارەدا کە بۆى کاندید دەکرێت. . پیشتر عەبدو عیساوى ئەندامى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندبوو، کوتلە سیاسییەکان لەکۆبوونەوەیەکدا دەسەڵاتى دیاریکردنى وەزیرەکانیان داوەتە عەلاوى، تا کەسانى سەربەخۆ بۆ کابینەکەى دیاریبکات. . ڕۆژى یەک ئەم مانگە بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق محەمەد تۆفیق عەلاوى بۆ پێکهێنانى حکومەت ڕاسپارد و بەپێی دەستور 30 رۆژى لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانى حکومەت و لە ئێستادا 23 ڕۆژى لەبەردەمدا ماوە.