ناس کورد-
دەستەى پشکنینی چین ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە دەکەن لە مردنی ئەو پزشکەی شاری ووهان کە بۆ یەکەمجار هۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرپرسانی چین بێدەنگیان کرد، هاوکات کۆی ژمارەى ئەوانەى بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا گەیشتە 636 کەس.
.
ئەمڕۆ هەینی، 7ی شوباتی 2020، لیژنەکە لە ڕاگەیانراوێکیدا بڵاویکردەوە، "تیمی لێکۆڵینەوە دەچێتەى شاری ووهان کە ناوەندی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکەیە و لێکۆڵینەوە لە مردنی لی وینلیانگی پزیشک دەکەن کە بووەتە جێگەی پرسیار لای زۆرێک لە خەڵکی ناوچەکە."
.
زیاتر بخوێنەوە:
چیرۆکی ئەو پزیشکەی بۆ یەکەمجار کۆرۆناى نوێى ئاشکرا کرد.. چی بەسەرهات؟
.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، نەخۆشخانەى ووهانی ناوەندی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ویچات ڕایگەیاند کە پزیشک لی وینلیانگی تەمەن 34 ساڵ گیانی لەدەستداوە، ئەوەش بووەهۆی توڕەیی و خەمباری خەڵکی ناوچەکە.
.
ئەو یەکێک بوو لە هەشت پزیشکەى کە پۆلیسی چین لێکۆڵینەوەى لێکردبوون بەهۆی بڵاوکردنی هەواڵی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسێک کە لە سارس دەچێت و دواتریش دەرکەوت کە کۆرۆنا بووە.
.
ڕۆژی 12ی کانونی یەکەمی 2019، ڤایرۆسێکی نادیار لە شاری ووهانی چینی دەرکەوت، بەڵام لە ناوڕاستی مانگی کانونی دووەمدا بەرپرسانی چین بابەتەکەیان ڕاگەیاند.
.
تائێستا 31 هەزار و 175 کەس لە چین توشی ڤایرۆسەکە بوون و 636 کەسی کوشتووە، هاوکات تائێستا هەزار و 615 کەسیش چارەسەری تەندروستییان وەرگرتووە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.
.
هاوکات تائێستا 25 وڵاتی جیهانیش بوونی حاڵەتی توشبونیان ڕاگەیاندووە.