کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد– ئەو هێزە چەکدارانەی ئێوارەی دوێنێ هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەرانی شاری نەجەف زیاتر لە هەشت جۆر چەکیان بەکارهێناوە و دەیان خۆپیشاندەریان کوشتوە و بریندار کردوە. . ئێوارەی دوێنێ (چوارشەممە، 5ی شوباتی 2020)، ژمارەیەک هێزی چەکدار هێرشیان کردە سەر گۆرەپانی سەدرەین لەناوەڕاستی شاری نەجەف و بەگازی فرمێسکڕێژ و چەندین جۆر چەک ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بونەوە و بەهۆیەوە تا ئێستا 11 خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە 80 کەسی دیکەش بریندار بون. . ڕەسول شەرع، چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی نەجەف ڕایگەیاند :"ئەو هێزە چەکدارانەی هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران هەشت جۆر چەکیان بەکارهێناوە دژی خۆپیشاندەران، هەروەها لەکاتی هێرشەکەشدا وێنەی موقتەدا سەدڕ و محەمەد سەدڕی باوکیان بەرز کردوەتەوە". . ڕەسوڵ شەرع ئاماژەی بەوەکرد :"لە کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی دوێنێوە کڵاوشینەکانی لایەنگرانی سەدڕ لەنزیک گۆرەپانی سەدڕەین وەستاون و هێرشیان کردوەتە سەر خۆپیشاندەران و تاوەکو شەو لەوێ بون دەستیان بەسەر گۆڕەپانەکەدا گرتوە". . ئەو چالاکوانە باسی لەوەکرد :"ئەو کەسانەی هێرشەکەیان کردوە لایەنگری سەدڕ بون و چەکی (ئار بی جی و بی کەی سی و ئێم 16 و کڵاشینکۆف) و دەمانچە و ڕومانە و مۆلۆتۆڤ و چەقۆ و کەتەر بەکارهێناوە، هەروەها کارەبای خێمەکانیان بڕیوە و ژمارەیەکی زۆریان سوتاندون و بەتوندی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بونەتەوە". . چالاکوانەکەی نەجەف وتویەتی :"هەر شەوی ڕابردو ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پۆلیس و وەڵامدەرەوەی خێرا و سوات هاتونەتە گۆڕەپانەکە بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران بەڵام لایەنگرانی سەدڕ ژمارەیان هێندە زۆر بوە کە کۆنتڕۆڵ نەکراون". . بەگوێرهی وتەی خۆپیشاندەران :"ئەو کەسانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە بەناوی گروپی کڵاوشینەکانی سەر بە موقتەدا سەدرەوە چونەتە گۆڕەپانەکە و وتویانە خۆپیشاندەران دەپارێزین بەڵام لەپڕ سەرجەم کەناڵەکانیان دەرکردوە و کەوتونەتە وێزەی خۆپیشاندەران". .