گه‌ڕان

Shadow Shadow

ڕوفاتەکانى سەماوە لە بەغداوە دەگەڕێنرێنەوە هەرێم

ڕوفاتى ئەنفالکراوان و کەسوکارەکانیان ناناسرێنەوە .. ناس کورد هۆکارەکەى ئاشکرادەکات

2020.02.05 - 15:42
App store icon Play store icon Play store icon
ڕوفاتى ئەنفالکراوان و کەسوکارەکانیان  ناناسرێنەوە .. ناس کورد هۆکارەکەى ئاشکرادەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- ڕوفاتى ئەنفالکراوانى گۆڕە بە کۆمەڵەکانى سەماوە لە پزیشکى دادى بەغدا ئامادەکراون بۆ گەڕانەوەیان بۆ هەرێمى کوردستان، بەڵام وەرنەگرتنى پشکنینى دى ئێن ئەى لە کەسوکارى ئەنفالکراوان لە هەرێم، ڕێگرە لەبەردەم ناسینەوەى ڕوفاتەکان و کەسوکارەکانیان. . لە مانگى ئازارى ساڵى ڕابردوودا، 171 ڕوفات لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانى ئەنفالکراوان لە سەماوە هەڵگیرانەوە و ڕەوانەى پزیشکى دادى بەغدا کران بۆ ئەنجامدانى پشکنین بۆیان پێش ئەوەى بگەڕێنرێنەوە هەرێم. . لە ئێستادا ڕوفاتەکان نمونەى ئێسکیان لێوەرگیراوە و ناسراونەتەوە کە ڕوفاتى ئەنفالکراوانن، بەڵام هێشتا لە هەرێم نمونەى دى ئێن ئەى لە کەسوکارى ئەنفالکراوان وەرنەگیراوە تا بە وردى کەسوکارەکانیان دیارى بکرێن. . سالار مەحمود، ڕاوێژکارى سەرۆککۆمارى عێراق کە چاودێرى پڕۆسەکە دەکات ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی شوباتی 2020، بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەری پزیشکى دادى بەغدا کاری پشکنین بۆ ڕوفاتەکان تەواو بووە". . سالار مەحمود کە بەمەبەستى بەدواداچوون بۆ ڕوفاتەکان سەردانى پزیشکى دادى بەغداى کردووە باسى لەوەکردووە، ڕوفاتەکان پشکنینى DNAیان بۆ نەکراوە چونکە سامپڵی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانیان لا نییە. بەوتەى ئەو، "لە بنەماوە گرفتێک لەم پرۆسەیە هەیە، سامپڵی کەسوکاری ئەنفالکراوان وەرنەگیراوە کە دەبوو لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەم ئەرکە لە کورستانەوە ئەنجام بدرایە، یا لەگەڵ هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوەکاندا ئەم کارە ئەنجام بدرایە". . سالار مەحمود ئاماژەى بەوەشکردووە، هەمان پرۆسەی پشکنین بۆ ئەنفالکراوەکان بۆ قوربانیانی شەنگال ئەنجامدەدرێت کە ژمارەیان 64 ڕوفاتە و ڕوفاتەکان لەپاڵ ئەنفالکراوەکاندا بەتەنیشت یەکەوە ڕیزکراون. . ئەو 171 ڕوفاتەى کە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانى سەماوە دەرهێنراون سەرجەمیان خەڵکى گەرمیان بەتایبەتى ناوچەى کوڵەجۆ لە باشورى کەلار و لە پڕۆسەکانى ئەنفالدا لەنێوان ساڵانى 1980-1988 لەلایەن ڕژێمى سەدام حوسەینەوە زیندەبەچاڵکران. . سیروان جەلال، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە پزیشکى دادى بەغدا نمونەى ئێسک لە ڕوفاتى ئەنفالکراوان وەرگیراوە و کارەکانیان تەواو بووە، بەڵام تا ئێستا دى ئێن ئەى لە کەسوکارى ئەنفالکراوان وەرنەگیراوە، ئەوەش ناسینەوەیان دوادەخات. . باسى لەوەشکرد، بەهۆى قەیرانى دارایی و شەڕى دژى داعش، هێشتا حکومەتى هەرێم ڕەزامەندى نەداوە لەسەر داوایەکى وەزارەتى شەهیدان بۆ وەرگرتنى ئەو پشکنینە لە کەسوکارى ئەنفالکراون، کە بەوتەى ئەو بڕە پارەیەکى زۆرى دەوێت و پێویستى بە تیمى شارەزا و تایبەتمەندە. پشکنینی دی ئێن ئەى بریتییە لە ئەنجامدانی پشکنین بۆ دی ئێن ئەی مرۆڤ کە تایبەتمەندییە بۆماوەییەکانی هەڵگرتووە و زانیاری بنچینەیی تێدایە لەبارەى چالاکییەکانی خانە و ئەو تایبەتمەندییانەى کە مرۆڤ لە دایک و باوکییەوە وەریدەگرێت و لە هیچ کەسێکی تر ناچێت. . پشکنینەکە سود لە خوێن، تاڵەموو، پێست، نینۆک، لیکی دەم یان جلوبەرگی کەسەکە وەردەگرێت و ئەنجامەکانیشی لە 99.99% ڕاست دەردەچن. . تاقیکردنەوەکە بە ئامێری تایبەت و گرانبەها دەکرێت و زۆرێک لە وڵاتان لە کەیسە تایبەتەکاندا بەکاریدەهێنن. . وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەرێم لە ئێستادا سەرقاڵى ئامادەکارییە بۆ گەڕانەوەى ڕوفاتەکان و دەیەوێت لە ساڵیادى ئەنفالدا لە ڕۆژى 14ی چواردا ڕوفاتەکان بگەڕێنێتەوە. . سیروان جەلال وتى، "هێشتا لەسەر شوێنى بەخاکسپاردنى ڕوفاتەکان یەکلانەبووینەتەوە، بەڵام یان لە مۆنۆمێنتى ئەنفال لە چەمچەماڵ یان لە گەرمیان بەخاکدەسپێردرێن".