گه‌ڕان

Shadow Shadow

ناس کورد وردەکاری ئاگرەکەى کێڵگەکە بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی کارەبا و قایمقامى چەمچەماڵ قسەى دژیەک دەکەن لەسەر ئاگرەکەى کێڵگەى غازى کۆرمۆر

2020.02.05 - 10:30
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتی کارەبا و قایمقامى چەمچەماڵ قسەى دژیەک دەکەن لەسەر ئاگرەکەى کێڵگەى غازى کۆرمۆر

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- ئەو ئاگرەى شەوى ڕابردوو لە کێگەى غازى کۆمۆر کەوتەوە، دۆخى کارەباى هەرێمى خستووەتە بارى نائاساییەوە، وەزارەتى کارەبا دەڵێت کاریگەرى گەورەى لەسەر کەمبوونەوەى بەرهەمهێنانى ئەو وزەیە هەبووە، قایمقامى چەمچەماڵیش دەڵێت کاریگەریی نەبووە و ڕووداوێکى ئاسایی بووە. . ئاگرەکە کاتژمێر 8:30 شەوى ڕابردوو لە کێڵگەى غازى کۆرمۆر لە ناحیەى قادر کەرەمى سەر بە قەزاى چەمچەماڵ کەوتەوە و بەهۆیەوە بەشێکى ئەو وێستگەى کارەبایە لەکارکەوت کە بە غازى کێڵگەکە کاردەکات. . ڕەمەک ڕەمەزان، قائیمقامى چەمچەماڵ بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "ئاگرەکە هەشت بۆ 12 خولەکى خایاندووە، ئەو جۆرە ئاگرکەوتنەوانە شتى زۆر زۆر ئاسایین و ڕۆژانە ڕوودەدەن، لە ئەنجامى ئەوەى غازەکە لە کێڵگەکانەوە دێتە دەرەوە جارى وا هەیە لیکێک دروستدەبێت و دەبێتە هۆى ئاگرکەوتنەوە". . وتیشى "دۆخەکە کۆنتڕۆڵکراوە، بارودۆخى غاز زۆر باش بووەتەوە و هیچ کاریگەرییەکیشى لەسەر دۆخى کارەبا نییە، چەند خولەکێک دواتر بەرهەمهێنان و بەڕێکرى غاز ئاسایی بووەتەوە". . کێڵگەى غازى کۆرمۆر کە لەساڵى 2007ەوە لەلایەن کۆمپانیاى داناغازەوە غازى لێدەردەهێنرێت، خاوەنى یەدەگێکى گەورەى غازى سروشتییە و ساڵى 2018 برى بەرهەمهێنان گەیشتە 400 ملیۆن پێ سێجا، کۆمپانیاکە پلانیداناوە کە تا ساڵى داهاتوو ئەو ئاستە بگەیەنێتە 900 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا. بەشێک لە غازى بەرهەمهێنراوى کێڵگەکە بەکاردەهێنرێت بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا لە چەمچەماڵ و هەولێر و بازیان، بەشێکى دیکەشى بۆ بەکارهێنانى ماڵان بەکاردەهێنرێت. . بەپێی ڕاگەیەنراوێکى وەزارەتى کارەبا بەهۆى ئاگرەکەوە نزیکەی 170 مقمق هەناردەی غاز کەمیکردووە و بەوەش بەرهەمهێنانى نزیکەى 800 مێگاوات کارەبا لە هەرێمى کوردستان کەمبووەوە. . ئومێد محەمەد، بەڕێوەبەرى کۆنتڕۆڵى کارەباى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند "هێشتا دۆخى کارەبا ئاسایی نەبووەتەوە و نەگەڕاوەتەوە دۆخى پێشوو، بەڵام نەمانهێشت سیستەمەکان بڕوات و کوژانەوەى گشتى ڕووبدات". . وتیشى، "هەرچۆنێک بێت ڤۆڵتییە و ئەو بەشە کارەبایەى کە ماوە و بڕەکەى دوو هەزار و 400 مێگاواتە دابەشمان کردووەتەوە، لەکاتێکدا حاڵەتى دابەزینى پەستانى غازەکە ئێجگار سەخت بوو، ئەگەر کۆنتڕۆڵمان نەکردایە ئەگەر هەبوو کوژانەوەى گشتى کارەبا لە زاخۆوە بۆ کفرى ڕوویبدایە و هیچ وزەیەک نەمایە". . ئومێد محەمەد باسى لەوەشکرد، لە ئیستادا ئەوان هیچ گرفتێکیان نییە، چاوەڕوانى غازن و یەکەکانیشان ئامادەیە. . لەبارەى قەبارەى زیانەکانەوە ئومێد محەمەد وتى، "ئەوە پەیوەندى بە سامانە سروشتییەکانەوە هەیە، بەڵام ئێمە وەک کارەبا سەلامەتین، ئەوەى هەیە تەنها ئەوەیە کە ئاستى بەرهەمهێنان 800 مێگاوات کەمیکردووە". بەهۆى کەمبوونەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى کارەباوە، کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتیمانى بەرێژەیەکى بەرچاو کەمبووەتەوە. . بەڕێوەبەرى کۆنتڕۆڵى کارەباى هەرێم وتى، "چاوەڕوانین ئەمڕۆ دۆخەکە ئاسایی بێتەوە، ئێستا کارەبا لە دۆخێکى نائاساییدایە و زیاتر بۆ شوێنە گشتییەکان دابیندەکرێت، ئەوەشى دەمێنێتەوە دابیندەکرێت و بەکۆى گشتى دوو بۆ سێ کاتژمێر کارەبا کەمیکردووە کە پێشتر هەشت بۆ نۆ کاتژمێر کارەبا دابیندەکرا". . کەوتنەوەى ئاگرەکە هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونى قەیرانى غازى ماڵان کە لەکێڵگەى کۆرمۆر بەرهەمدەهێنرێت و حکومەت هۆکارەکەى بۆ "ڕێگریکردن لە گواستنەوەى غازەکە لەلایەن کەسانى دەستڕۆیشتووى سلێمانییەوە" دەگەڕێنێتەوە، بەڵام دیارنییە ئاگرەکە پەیوەندى بەو کێشانەوە هەیە یاخود نا. . بەوتەى قایمقامى چەمچەماڵ ئاگرەکە هیچ زیانێکى ماددى نەبووە، هیچ پەیوەندییەکیشى بەم ڕووداوانەى دواییەوە نەبووە و شتێکى زۆر ئاسایی بووە کە ڕۆژانە ڕوودەدەن.