گه‌ڕان

Shadow Shadow

لەوانەیە لە داهاتوشدا ببێتە هۆى ئەوەى دان بە دەوڵەتى کوردیدا بنێت

پەیمانگاى واشنتۆن: ئەمریکا دەتوانێت بەغدا بەرەو هەرێمى کوردستان جێبهێڵێت

2020.02.04 - 23:00
پەیمانگاى واشنتۆن: ئەمریکا دەتوانێت بەغدا بەرەو هەرێمى کوردستان جێبهێڵێت
ناس کورد- "ئەمریکا دەتوانێت هێزەکانى لە بەغدا کەم بکاتەوە و پەیوەندییەکانى لەگەڵ هاوپەیمانێکى باوەڕپێکراو بەهێزتر بکات و هێزەکانى لەوێ کۆبکاتەوە، ئەو هاوپەیمانەش هەرێمى کوردستانە" ئەمە ناوەڕۆکى پێشنیازێکى پەیمانگاى واشنتۆنە بۆ ئیدارەى ئەمریکا. . ئەو پەیمانگایە لە راپۆرتێکیدا ئاماژەى بەوەداوە: ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەتوانێت بە تەواوەتى هێزەکانى لە بەغدا کەمبکانەوە ئەوەش بەبێ ئەوەى لە ناوچەکە پاشەکشە بکات، ئەویش لە ڕێگەى بەهێزکردنى پەیوەندیەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان کە دەبێتە هۆى بەهێزکردنى پەیوەندییە سەربازییەکان لەگەڵ هاوپەیمانێکى باوەڕپێکراو کە جێى بوونى ئەمریکا لە ناوچەکە دەگرێتەوە و لەو ڕێگەشەوە ئامانجەکانى لە ناوچەکە بەدیدەهێنێت و "حکومەتى بەغداش کە سەربە ئێرانە" لاواز دەکات. . لە بەشێکى ترى ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: بەهێزکردنى پەیوەندیەکانى "ئەمریکا – کورد" بونى سەربازیی لە هەرێمى کوردستان بەهێز دەکات، هەروەها دەبێتە هۆى ئەوەى ئەمریکا فشارەکانی تا ئەو پەڕى ڕادە لەسەر حکومەتى ئێرانى و میلیشیاکانى زیاد بکات تا ئەو کاتەى ڕێکەوتنێکى ئەتۆمى تەواو دەکرێت، هەروەها هاوپەیمانەکانى ئەمریکاش وەک ئیسرائیل، سعودیە و ئیمارات پێشوازى لەو جۆر ەکشانەوەیەى ئەمریکا لە بەغدا دەکەن. . پەیمانگاکە ئەوەش ڕوون دەکاتەوە، سەرەڕاى ئەوەى هەرێم پێویستى بە هەماهەنگییە لەگەڵ ئێراندا بەهۆی بوونى دەسەڵاتى لە ناوچەکەدا و نزیکى جوگرافى، بەڵام پەیوەندیەکى زۆر باش لەنێوان سەرکردەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئێراندا نییە، هەروەها بەهۆى یاخیبونى کوردەکانى ئێران ئەو وڵاتە کوردى جێهێشت و لە چەندین بۆنەدا چارەنوسى دانە دەست سەدام حسێن و دژى سەربەخۆیى کوردەکانیشە. . ئەو ڕاپۆرتە ئەوەشى نەشاردوەتەوە کە "بە بەهێزکردنى بوونى هێزەکانى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان واشنتۆن دەتوانێت خۆى لەو کاریگەریانە لابدات کە بەهۆى ئەگەرى جیابونەوە لە داهاتودا دروست ببێت، هەرچەند ئەوە ئێستا ئەگەرێکى دورە، ئەوەش جگە لە خۆپیشاندانە بەردەوامەکان و هێرشە دژەکان لەشارە گەورەکاندا، دور نییە گەشە بکات و ببێتە شەڕى ناوخۆیی. . پەیمانگاى واشنتۆن ڕونیشکردوەتەوە: بەهێزى پەیوەندیەکانى "ئەمریکا – کورد" لەوانەیە ببێتە هۆى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ، ئەوەش لەکۆتاییدا ببێتە هۆى ئەوەى واشنتۆن بە رەسمى دان بەدەوڵەتى کوردیدا بنێت، ئەوەش ئامانجێکە کە گەلى کورد هەمیشە هەوڵى بۆداوە بەڵام لە ئەیلولى ساڵى 2017 کاڵبویەوە کاتێک بە ئاسانى توانى ڕیفراندۆم بکات بەڵام نەیتوانى پشتیوانى نێودەوڵەتى بۆ ئەنجامەکەى کۆبکاتەوە. . پەیمانگاکە پێشى وایە کە "ڕوداوەکانى چەند هەفتەى ڕابردوو ئەوە نیشان دەدات کە پێویستە ئەمریکا بە جدى بیر لەو بابەتە بکاتەوە چونکە ئەوە چارەسەرێکى مامناوەندە لەنێوان جێهێشتنى بەغدا و مانەوە، هەروەها سودى گەورەى بۆ بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا دەبێت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هاوکاریش دەبێت بۆ سەقامگیرى ناوچەکە."