کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- لیژنەى پێشمەرگە لە پەرلەمانى کوردستان ڕەخنە لە ڕاپۆرتەکەى نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێت کە تێیدا هێزەکانى پێشمەرگەى تۆمەتبار کردووە بە ئەنجامدانى پێشێلکارى دژى منداڵان و جێگرى سەرۆکى لیژنەکەش دەڵێت، چاوەڕێى سوپاسیان دەکرد نەک تۆمەتبارکردن. . ئەمڕۆ سێشەممە، 4ی شوباتی 2020، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا لەپاڵ داعش و حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، هێزەکانی پێشمەرگەشی تۆمەتبارکرد بە پێشێلکردنی مافەکانی منداڵ. . بهگوێرهی راپۆرتهكه، زیاتر له دوو هەزار و 114 منداڵی عێراقی ڕوبهڕووی پێشیلكاریی توندی وەک كوشتن و شێواندن و تهنانهت لاقهكردنیش بونهتهوه. . زیاتر بخوێنەوە: نهتهوه یهكگرتووهكان چهند هێزێك به پیشێلكاریی بهرامبهر به منداڵان له عێراق تۆمهتبار دهكات..پێشمهرگهشی تێدایه . لەوبارەیەوە عوسمان کەریم، جێگرى سەرۆکى لیژنەى پێشمەرگە لە لێدوانێکدا بە ناس کوردى وت: "شەڕ لەهەر شوێنێک ڕوو بدات ماڵوێرانکەرە و خەڵکى بێتاوان دەبێتە ئامانج، ئێمە پێشمەرگە بە بێتاوان دەزانین و کراونەتە ئامانج، پێشمەرگە نزیکەى دوو هەزار شەهیدى داوە و زیاتر لە 20 هەزار بریندارى هەیە، ڕێکخراوى داعش ئەوەى بۆى کراوە لە کۆمەڵکوژى دەستى نەپاراستوە، لەکاتى شەڕیشدا خەڵکى بێتاوان تیاچوە و ئەوەش بە ئەنقەست نەبووە، هێزى پێشمەرگە بەرگرى کردوە لە خەڵک". . وتیشى: "چاوەڕێى ئەوەمان دەکرد نەتەوە یەکگرتوەکان سوپاسى پێشمەرگە بکات نەک بەو شێوەیە باسى بکات، بە پشتیوانى هاوپەیمانان و گەلى خۆمان و هێزەکانى پێشمەرگە توانیمان بە درێژایى زیاتر لە هەزار و 200 کیلۆمەتر شەڕ لەگەڵ داعش بکەین، ئەگەر ئەمە نەکرایە ئەو ڕێکخراوە دەبووە مەترسى بۆ سەر هەموو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕست و ئەوروپا و جیهانیش". . ڕونیشیکردوەتەوە، هێزى پێشمەرگە پێشێلکارى نەکردوە و بەرگرى کردوە لە خاکى کوردستان و مرۆڤایەتى، لەهیچ یەکێک لە دانیشتنەکانیش لەگەڵ شاندەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان باسى ئەوە نەکراوە پێشمەرگە پێشێلکارى کردبێت. . هەر سەبارەت بەو پرسە ناس کورد پەیوەندیکرد بە وەزارەتى پێشمەرگەوە و وتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەى بەوەدا، ئەگەر ڕاگەیەندراو یان هەر لێدوانێک و ڕونکردنەوەیەکیان هەبوو دواتر وەزارەتى پێشمەرگە بڵاویدەکاتەوە.