گه‌ڕان

Shadow Shadow

ڕاگەیەنراوێک لە مەسرور بارزانییەوە لەبارەى پڕۆژەى 100 مەتری سلێمانی

2020.02.04 - 18:29
ڕاگەیەنراوێک لە مەسرور بارزانییەوە لەبارەى پڕۆژەى 100 مەتری سلێمانی
ناس کورد- نوسینگەی مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، لە چەند مانگی ڕابردوودا بڕیارمان لە سەر جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە لە سنوری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین داوە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا دەست بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەی 100 مەتریی سلێمانی دەکرێت. . ئەمڕۆ سێشەممە، 4ی شوباتی 2020، نوسینگەى مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، لەم ماوەیەدا زۆر کەس و لایەن زۆر بە "ناشارەزایی و بە بێ زانیاریی" لە چوارچێوەی موزایەدەکردن، بابەتی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانییان خستووەتە بەر باس و گفتوگۆ و بەداخەوەش تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجێکی چەواشەکارانە لە پشت ئەم هەوڵانە هەیە." . دەشڵێت، "هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان و بە تایبەتی شاری هەڵمەت و قوربانی ئاگادار دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێم بە ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان تا ئێستا تەنیا ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە داوە کە بە ڕێژەی زیاتر لە 75% (بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان) جێبەجێ کراون. بۆیە تا ئێستا حکومەت نەپڕژاوەتە سەر ئەو پرۆژانەی کە ڕیژەی جێبەجێکردنیان لە ژێر ڕێژەی ئاماژەپێکراودایە، بەڵام لە هەمانکاتدا لێژنەیەکی باڵا و پسپۆری حکومەت سەرقاڵی پێداچوونەوە و ئامادەکاری کردنە بۆ دەستپێکردنی هەندێک پڕۆژەی ستراتیژی کە پڕۆژەی شەقامی سەد مەتریی سلێمانیش لەناو ئەو پرۆژانەیە." . ئاماژەى بەوەشکردووە، "داواکاریی سەرەکی هاوڵاتیانی کوردستان هەمیشە چاکسازی و شەفافیەت بووە، بۆیە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەموو گرێبەستەکان دەکرێت لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان بن تاکو سامانی نیشتیمان لە بەرژەوەندیی هیچ کەس و لایەنێک بە هەدەر نەدرێت." . دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم خزمەتگوزارییەکانی بەبێ جیاوازی دەگەیەنێتە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیانمان لە سلێمانی شایەنی باشترین و شایستەترین خزمەتگوزارین و لە چەند مانگی ڕابردووشدا بڕیارمان لە سەر جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەلەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین داوە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا دەست بە جێبەجێ کردنی پرۆژەی سەد مەتریی سلێمانی دەکرێت بە جۆرێک کە سامانی هاوولاتیانی سلێمانی بە شیوەیەکی کارا و بەجێ بۆ خزمەتی خۆیان بخرێتە کار، لە پرۆسەی پێداچوونەوەی پرۆژەکانی سلێمانیش ھەر گوژمەیەک بمێنێتەوە ھەر لەو سنوورە بۆ پرۆژەی دیکە خەرج دەکرێت."