گه‌ڕان

Shadow Shadow

چین داوای 145 ملیۆن دەمامک لە وڵاتێکی عەرەبی دەکات کە پێشتر بۆی ناردووە

2020.02.04 - 17:31
چین داوای 145 ملیۆن دەمامک لە وڵاتێکی عەرەبی دەکات کە پێشتر بۆی ناردووە
ناس کورد- ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنگی بە وڵاتێکی ئابوری زەبەلاحی وەک چین هەڵچنیوە و بە دەست کەمی دەمامکەوە دەناڵێنێت، بۆیە داوای 145 ملیۆن دەمامکی لە میسرکردووە. . بە گوێرەی ماڵپەڕی"یوم ئەلسابع"ی میسری، عەلی عۆف، سەرۆكی ژوری دەرمان لە یەكێتی گشتییی ژورەكانی بازرگانی میسر ڕایگەیاندووە: "داوا لە كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانی دەمامک كراوە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەیەكی زۆر لە بەرهەمەكانیان ڕەوانەی وڵاتی چین بکەن". . عەلی عۆف ئاماژەی بەوەشكرد: "هەرچەندە ساڵانە میسر نزیكەی 60 ملیۆن دەمامک بەرهەمدەهێنێت، بەڵام هێشتا بەشی پێداویستی ناوخۆیی ناکات، چونکە ئەوان ساڵانە نزیكەی 180 ملیۆن دەمامک بەكاردەهێنن". . ئەوەش خراوەتەڕوو، پێش سەرهەڵدانی نەخۆشی كۆرۆنا، میسرسێ هێندەی بەرهەمی ناوخۆیی دەمامکیان لە چینەوە هاوردە دەکرد بۆ پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆیی. . سەرۆكی ژوری دەرمان لە یەكێتی گشتی ژورەكانی بازرگانی میسر ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، نرخی دەمامک بە هەموو جۆرەكانیەوە دوو هێندە زیادی كردووە. . وتیشی: "ژمارەی بەرهەمی ناوخۆیی كەمامە لە میسر ناگاتە ئاستی خواستی بەكارهێنەران و زیاتریش خواست لەسەر كەمامەی چینی هەبوو كە نرخەكەی كەمتربوو لە نرخی كەمامە ناوخۆییەكان، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیرانی ناوخۆییەوە هەوڵدەدەن وڵاتێكی دیكە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لەبری چین كەمامەیان بۆ بنێرێت". . ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 28 وڵات تەشەنەی کردووە به‌گوێره‌ی دواین ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی 427 كه‌س ‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه ‌و زیاتر لە 20 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش گیرۆدەی نەخۆشییەکە بوون.