ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نویێ حکومەت لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان کۆدەبێتەوە، کابینەکەشی لە کەسانی بێلایەن پێکدەهێنێت.
.
بەهار مەحمود، ئەندامى پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، بەناس کوردی ڕاگەیاند "بەمنزیکانە وتووێژەکانی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکانی عێراق دەستپێدەکات".
.
مانگێک لەمەوبەر و پێش ڕاسپاردنى بۆ سەرۆکوەزیران، عەلاوى لەگەڵ بەشێک لە پەرلەمانتارە کوردەکان کۆبووەتەوە و پەرلەمانتارەکان چەند داواکارییەکیان ئاڕاستە کردووە.
.
بەهار مەحمود کە یەکێک بووە لەو پەرلەمانتارانە وتى"بودجە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی کوردستان، شایستە داراییەکانی جوتیاران، مامەڵەکردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق، گرنگترین داواکارییەکانمان بوو، ئەویش بەئەرێنی وەڵامی داینەوە".
.
وتیشى "عەلاوی سەرەتا لەگەڵ فراکسیۆنە شیعەکان کۆدەبێتەوە پاشان لەگەڵ سوننەکان، لە کۆتایشدا لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان کۆدەبێتەوە".
.
محەمەد تۆفیق عەلاوی، لە ئێستادا سەرقاڵی داڕشتنی بەرنامەی کابینەکەیەتی و بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان ناردووە، دەیەوێت لەماوەى دەستوریدا کە 27 ڕۆژى ماوە پێکیبهێنێت.
.
عەلاوى بەڵێنیداوە کابینەکەى لە کەسانى پسپۆڕ و شارەزا و سەربەخۆ پێکبهێنێت و جەختیکردووەتەوە کە دەستوەردان لەو بارەیەوە قبوڵ ناکات.
.
"عەلاوی هیچ وەزیرێکی حزبی بۆ کابینەکەی بەربژێر ناکات، بۆیە دەبێت لەسەر کەسانی ئەکادیمی و سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان سیڤی خۆیان پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی کورد ئامادەبوونێکی باشی هەبێت لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق". بەهار مەحمود وایوت.
.