کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد– ساڵى ڕابردوو لە هەرێمى کوردستان ڕۆژانە 19 حاڵەتى شێرپەنجە تۆمارکراون، کە زۆرترینیان لە پارێزگاى هەولێر بووە کە دەکاتە نیوەى کۆى گشتى توشبووان بەو نەخۆشیە کوشندەیە. . ئەمڕۆ (سێشەممە، 4ی شوباتی 2020)، لە ڕۆژی جیهانی ڕوبەڕوبونەوەی شێرپەنجە ژمارەیەک چالاکی لە شارەکانی هەرێم بەڕێوەچون و لە هەولێر وەزارەتى تەندروستى مەراسیمێکى تایبەتى لەو بارەیەوە رێکخست. . بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى کە دەست ناس کورد کەوتوون، ساڵى 2019 بەگشتى (6934) حاڵەتى توشبوون بەو نەخۆشییە تۆمارکراون، هەروەها لەساڵى 2018دا (5680)، لە 2017 دا (2461)، لە 2016 دا (2767)، لە 2015 دا (1748) توشبوو تۆمارکراون. . خاڵس قادر، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتى تەندروستی ڕایگەیاند "نەخۆشی شێرپەنجە ئیتر نەخۆشییەک نییە کە چارەسەرى بۆ نەدۆزرابێتەوە، لە هەرێمی کوردستان بەتایبهت لە هەولێر و سلێمانی نەخۆشخانەی زۆر پێشکەوتومان هەیە و دەتوانین نوێترین و پێشکەوتوترین چارەسەرەکان بدەینە نەخۆشەکان". . هەرێمى کوردستان خاوەنى دوو نەخۆشخانەى تایبەت بەچارەسەرى توشبووانى شێرپەنجەیە کە پێکهاتوون لە نەخۆشخانەکانى هیوا لە سلێمانى و نانەکەلى لە هەولێر و ئەوانەى توشى نەخۆشییەکە دەبن لەو نەخۆشخانانە چارەسەر وەردەگرن. . لەو دوو نەخۆشخانەیە بە زیاتر لە پێنج ڕێگا چارەسەرى نەخۆشەکان دەکرێت، کە دیارتینیان بریتییە لە چارەسەر بە تیشک و چارەسەری هۆرمۆنی کە نوێترین رێگایە لەگەڵ دەرزی کیمیایی و چاندنی مۆخ. . خاڵس قادر وتى "لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 100 کەس لە هەرێمی کوردستان کە توشبوی شێرپەنجە بون بە تەواوەتی چاک بونەتەوە و دەربازبونی تەواویان لە نەخۆشییەکە بەدەستهێناوە و لەژێر چاودێریدا نەماون چونکە نەخۆشییەکە کۆتایی هاتوە لە لاشەیاندا". . بەپێی ئامارەکان، ساڵى ڕابردوو زۆرترین ژمارەى توشبووانى نەخۆشى شێرپەنجە لە پارێزگاى هەولێردا بووە، بەو پێیەى 3412 توشبووى شێرپەنجە تۆمارکراون کە دەکاتە 49.21%ى کۆى گشتى توشبووەکان، دواى ئەویش سلێمانى دێت بە 2231 توشبوو کە دەکاتە %32.17ى توشبووەکان، دهۆکیش لە پلەى سێیەمدا دێت بە 1291 توشبوو کە دەکاتە %18.62ى توشبووەکان. . محەمەد حەسەن، پزیشک و بەرپرسی بەشی ئامار لە نەخۆشخانەی هیوا لەشاری سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند "لەئێستادا لە سلێمانی ژمارەی ئەو کەسانەی داخڵی نەخۆشخانەکە بوون 3053 نەخۆشە کە لە سلێمانی و سەرجەم شارەکانی دیکەی هەرێم و عێراقەوە هاتونەتە نەخۆشخانەکە". . وتیشى "بەهۆی هەبونی پێویستی و ئاماری پێشکەوتوو لە نەخۆشخانەکەمان بەشێک لە توشبووەکان چارەسەر کراون، بەڵام تا ئێستا بەتەواوەتی ئامارەکانمان لەبەردەستدا نییە". . بە پشتبەستن بە ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى دەردەکەوێت، ساڵی 2019 لە هەولێر لە هەر ڕۆژێکدا 9 کەس و لە سلێمانیش لە 6 کەس و لە دهۆکیش 3 کەس توشی شێرپەنجە بوون. . بەوتەى محەمەد خۆشناو وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە ئێستاشدا ڕێژەی توشبوانی شێرپەنجە کەمی کردوە و لە خوارى ستانداردى نێودەوڵەتیەوەیە. . شێرپەنجە بە دیارترین نەخۆشى بەربڵاو دادەنرێت لەجیهاندا و لەهەر شەش کەسێکى توشبوو بەو نەخۆشییە کەسێکیان گیان لەدەستدەدەن. . رێکخراوى تەندروستى جیهانى هۆشداریداوە لەوەى توشبوون بە شێرپەنجە لەساڵى 2040 بەڕێژەى 81% بەرزدەبێتەوە و دەگاتە زیاتر لە 30 ملیۆن توشبوو، بەهۆى نەبوونى هۆکارى تایبەت بە خۆپاراستن لەو نەخۆشییە لە بەشێک لە وڵاتاندا. .