گه‌ڕان

Shadow Shadow

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چه‌ند هێزێك به‌ پیشێلكاریی به‌رامبه‌ر به‌ منداڵان له‌ عێراق تۆمه‌تبار ده‌كات..پێشمه‌رگه‌شی تێدایه‌

2020.02.04 - 09:14
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چه‌ند هێزێك به‌ پیشێلكاریی به‌رامبه‌ر به‌ منداڵان له‌ عێراق تۆمه‌تبار ده‌كات..پێشمه‌رگه‌شی تێدایه‌
ناس كورد- رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كرد كه‌ رێكخراوی داعش و حه‌شدی شه‌عبی و میلیشیا چه‌كداره‌كان له‌ دژی منداڵان له‌ عێراق ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. . به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رێكخراوه‌كه‌ كه‌ ئه‌مینداری گشتی رێكخراوه‌كه‌ ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی كردووه‌ "رێكخراوی داعش و حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق و هێزه‌كانی پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی پاراستنی نیشتیمانیی كوردستان و هێزه‌ ئێزیدییه‌كان و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، پێشێلكارییان دژ به‌ منداڵان له‌ عێراق ئه‌نجامداوه‌. . راپۆرته‌كه‌ سه‌رجه‌می ئه‌و پێشیلكارییانه‌ی تۆماركردوه‌ كه‌ له‌نێوان 1ی ته‌موزی 2015 تا 31ی ته‌موزی 2019، له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ منداڵانی عێراق ئه‌نجامدراوه‌. . به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، زیاتر له‌ 2114 منداڵ روبه‌ڕووی پیشیلكاریی توند و پشتڕاستكراوبوونه‌ته‌وه‌ له‌ عێراق، به‌شێك له‌و منداڵانه‌ش روبه‌ڕوی كوشتن و شێواندن و ته‌نانه‌ت لاقه‌كردن بونه‌ته‌وه‌. . راپۆرته‌كه‌ی رێكخراوه‌كه‌ رونیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و داتایانه‌ی كه‌ ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌ ته‌نها ئه‌و حاڵه‌تانه‌ن كه‌ پشتڕاستكراونه‌ته‌وه‌ و سكاڵایان له‌سه‌ر كراوه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ژماره‌كه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتر بێت كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌. . له‌راپۆرته‌كه‌دا رێكخراوی داعش زۆرترین پشكی ئه‌نجامدانی پیشێلكارییه‌كانی تاوانی كوشتن، به‌سه‌ربازكردن، شێواندن، لاقه‌كردنی كچان-ی به‌رده‌كه‌وێت و هاوكات حه‌شدی شه‌عبی به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌نجامدانی حاڵه‌تی لاقه‌كردنی منداڵی كوڕی به‌رده‌كه‌وێت. . راپۆرته‌كه‌ رونیده‌كاته‌وه‌ "1772 منداڵ روبه‌ڕوی كوشتن و شێواندن بونه‌ته‌وه‌ و 206 منداڵ روبه‌ڕوی به‌سه‌ربازكردن و 86 منداڵ روبه‌ڕوی ڕفاندن و ده‌یان منداڵیش لاقه‌كراون. .