کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- زانایانى چینى ئاشكرایانكرد، بەڵگەى نوێیان دەستكەوتووە لەسەر ئەوەى کە پێدەچێت سەرچاوەى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى كۆرۆناى نوێ شەمشەمەكوێرە بێت. . لە دوو لێكۆڵینەوەى نوێدا كە گۆڤارى "جۆرناڵ نەیچە" بڵاویكردوەتەوە، زانایانى چینى ئاماژەیان بەوەداوە کە بەڵگەى تازە دەستكەوتوە كە ڤایرۆسى كۆرۆناى نوێ پێدەچێت لە شەمشەمەكوێرەوە بڵاوبووبێتەوە، هەروەها لە زنجیرەى پێكهاتەى بۆماوەیى كە لە ژمارەیەك نەخۆش لەشارى ووهان وەرگیراوە دەركەوتووە ڤایرۆسەكە پەیوەندى پتەوى لەگەڵ ئەو ڤایرۆسانەدا هەیە كە دەبنە هۆى هەوكردنى توندى سیەكان كە بە "سارس" ناسراون. . شى شین لى یەكێك لەو زانایانەى لەپەیمانگاى زانستى ووهانە و لە لێكۆڵینەوەكاندا بەشداریكردووە باسى لەوەكردوە، پێكهاتەى بۆماوەیى كە لە حەوت نەخۆش وەرگیراون %96 لەگەڵ ڤایرۆسى كۆرۆناى شەمشەمەكوێرە وەك یەكن، ڤایرۆسى "سارس"یش هەر لە شەمشەمەكوێرەوە پەیدا بووە، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى ڤایرۆسەکە گوازراوەتەوە بۆ پشلەى جۆرى Civet. . لەلایەكى ترەوە ئیان جۆنز، شارەزاى بوارى ڤایرۆس و مامۆستا لە زانكۆى "رینگ" سەبارەت بە كۆرۆنا نوێیەکە دەڵێت، "ئەم ڤایرۆسە كۆپى ڤایرۆسى سارسە و زۆر بە ئاسانتر بڵاودەبێتەوە، بەڵام زیانەكەى كەمترە، هەروەها هەمان جۆر وەرگریش بەكاردەهێنن كە ئەوەش دەرگایەكە بۆ گەیشتن بە خانەكانى مرۆڤ كە هەر ئەوەشە هۆكارى توشبون بە هەوكردنى سییەكان ڕوون دەكاتەوە". . پێشتریش زانایانى چین جەختیانكردبوەوە، ڤایرۆسى كۆرۆناى نوێ لە بازاڕى خواردنە دەریاییەكانى شارى ووهان كە گیاندارى وشكانى و باڵندەشى تێدا دەفرۆشرێت بڵاوبوەتەوە، بەڵام دڵنیا نەبوون كام گیاندارە هۆكارى سەرەكى بڵاوبوونەوەكەیە.