کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- محەمەد تۆفیق عەلاوى، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومهتی نوێی عێراق خۆپیشاندەران ئاگادار دەکاتەوە، بەهۆى بانگەشەى کۆتایهێنان بە پشک پشکێنەى حزبى، پلانێک لەلایەن گەندەڵکارانەوە هەیە بۆ پەرتکردنى وتارى خۆپیشاندەران و تێکدانى ڕیزەکانیان لەسەر پۆستى سەرۆکوەزیران و خۆشی به کاندیدى خۆپیشاندەران دهناسێنێت. . ئەمڕۆ (دووشەممە، 3ى شوباتى 2020)، لە هەژمارى خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، جارێکى دیکە محهمەد عەلاوى لەپەیامێکیدا بۆ خۆپیشاندەران ڕایگەیاند: "خۆپیشاندانەکان ئەنجامى بەرچاوى بەدەستهێناوە بەڕەتکردنەوەى زۆربەى چینە سیاسییەکان کە وڵاتیان گەیاندە ئەم بەدبەختیە، خۆپیشاندەران توانیان یاسایەکى نوێ بۆ هەڵبژاردنەکان و ڕاستییەکی نوێتر بۆ کۆمسیۆنەکانى هەڵبژاردنەکان بەرجەستە بکەن، ئەوە سەرەڕاى شکستپێهێنانی کاندیدەکانى حزب بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران". . ئاماژەی بەوەشکرد:"بەهۆى ئەو ڕوداوانەوە، وەکو وەڵامدانەوەى خواستى خۆپیشاندەران ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانى دەستلەکارکێشاوە کە ژمارەیان گەیشتە 170 کەس پێنج ناویان کاندید کرد و وێنەکانیان لەمەیدانەکانى خۆپیشاندانەکاندا پیشاندرا و دواى ئەنجامدانی ڕاپرسى بۆ ئەو پێنج ناوە من زۆرینەی زۆرینەى دەنگەکانم بەدەستهێنا و ئێستا کاندیدى خۆپیشاندەرانم". . عەلاوى رونیكردهوه، ئەوەى کە گەندەڵکاران لێى دەترسن ئەو پلانەیە کە بۆ کۆتایهێنان بەپشکپشکێنەى حزبى ڕایگەیاندووە کە بەوەش ئەوانە زۆر شت لەدەستدەدەن کە ئومێدیان لەسەر گەندەڵى و دزى هەڵچنیوە، بۆیە کەوتنە نانەوەى چەند پشێویەک بۆ پەرتکردنى خۆپیشاندەران و دروشمەکانیان. . کاندیدە ڕاسپێرداوەکەى پۆستى سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشى ڕاگەیاند :"لەم مینبەرەوه خۆپیشاندەران ئاگادار دەکەمەوە کە واز لەو ناکۆکى و دوبەرەکییە بهێنن کە دەرفەت دەداتە گەندەڵکاران و بۆ ئەوەى میلى کاتژمێرەکان بەقازانجى خۆیان بسوڕێننەوە، تەنها بە ڕۆحى برایەتى و خۆشەویستى و هاریکارى دەتوانن وڵات رزگار بکەن و ئاوەدانى بکەنەوە، بەناکۆکى و دووبەرەکى دەستکەوتەکان بەدەست ناهێنن و وڵات بەرەو دۆڵێکى تاریکتر هەنگاو دەنێت". .