گه‌ڕان

Shadow Shadow

شەقام لە دژى دەکوڵێت..تاران و واشنتۆن لەگەڵیدان

عەلاوى؛ لەبەرداشى ڕەتکردنەوە و پشتیوانیدا

2020.02.02 - 23:35
عەلاوى؛ لەبەرداشى ڕەتکردنەوە و پشتیوانیدا
ناس کورد- هێشتا چەند کاتژمێرێکى کەم بەسەر ڕاسپاردنى محەمەد تۆفیق عەلاویدا بۆ جێگرتنەوەى عادل عەبدولمەهدى تێنەپەڕیبوو، کاتێک شەپۆلێکى دژایەتى لە شەقامەوە لەدژى دەستیپێکرد، لەناو پشتیوانى زۆرى سیاسەتمەداران و واشنتۆن و تاراندا بۆ ئەو کەسایەتییە کە لە ئاڵۆزترین دۆخدا دەچێتە سەر کورسی دەسەڵات. . هەرچەندە عەلاوى بەکەسایەتى دڵخوازى لایەنە ناکۆکەکان و تەنانەت ئێران و ئەمریکاش دادەنرێت لەکاتێکدا پەیوەندییەکانیان لەوپەڕى گرژیدایە، بەڵام نەبووە کەسایەتى دڵخوازى شەقام کە چەند مانگێکە ڕژاونەتە سەر شەقام و داواى چاکسازیی و گۆڕانکاریی دەکەن. . لەگەڵ ڕاسپاردنیدا بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوى چەندین بەڵێنیدا، بەڵام وادیارە بەڵێنەکان هیچى لە هەڵوێستى خۆپیشاندەرانى توڕەى لە چینى سیاسەتمەدارانى ئێستا نەگۆڕى. . دواى ڕاسپاردنى بۆ پێکهێنانیى کابینەى نوێ لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوى لەگرتەیەکى ڤیدیۆیدا پەیامێکى ئاڕاستەى خۆپیشاندەرانى عێراق کرد و تێیدا هاوسۆزى و پشتیوانى خۆیشى بۆ دەرخستن و جەختیشى لەوە کردەوە خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن و هەر فشارێکیش بخرێتە سەریان پشتیوانیان دەکات و بەهانایانەوە دەچێت. . بەڵام شەقامى عێراقى وەڵامێکى ترى هەبوو، سەدان خۆپیشاندەر دواى چەند کاتژمێرێکى کەم لەڕاسپاردنى ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕەتیانکردەوە هەر کاندیدێک لەلایەن لایەنە سیاسیەکانى ئێستا و ڕابردووەوە دیارى بکرێت بۆ پۆستەکە. . "ناوێکە بەگەندەڵیەوە لکاوە" . محەمەد تۆفیق عەلاوى پێشتر و لەکابینەکەى نورى مالیکیدا وەزیرى پەیوەندییەکان بووە، لەدوو خولى پەرلەمانیشدا ئەندامى پەرلەمان بووە، لەکاتێکدا خۆپیشاندەران داوایاندەکرد کەسێک کە پێشتر هیچ پۆستێکى نەبووبێت پێویستە بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکەن. . حەسەن ڕەجەب یەکێک لەچالاکانى خۆپیشاندەرانى بەغدا بە کەناڵى حوڕەى وتوە "چەند جارێک لەگەڵ دزەکردنى ناوێکدا بۆ پۆستەکە بەتەواوەتى لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕەتکراوەتەوە بەهۆى ئەوەى زۆربەى ئەوانە ناویان بەگەندەڵییەوە لکاوە لەسەرووى هەموشیانەوە ئەوانەى کە لەدۆسیەى بەرتیل وەرگرتن لەکۆمپانیاکانى پەیوەندیکردنیش تێوە گلاون". . ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، هەر لەسەرەتاوە خۆپیشاندەران جەختیان لەوە کردووەتەوە، هەر کەسێک لەلایەن لایەنە سیاسیەکانى ئێستا و ڕابردوو و لەسەر بنەماى پشکپشکینەى تائیفى و حزبیەوە کاندید بکرێت ئەوا ڕەتبکرێتەوە. . لەبارەى سیناریۆکانى تر بۆ چارەسەرى دۆخەکە، ئەحمەد مەزروک یەکێکى تر لەچالاکانى خۆپیشاندانەکانى بەغدا بەکەناڵەکەى ڕاگەیاندووە، تەنها سیناریۆ بۆ چارەسەر کردنى دۆخى ئێستا بەردەوامى خۆپیشاندانەکان و داخستنى شەقامەکان و فشارکردنە بۆ سەپاندنى کاندیدێک کە مشتومڕ هەڵنەگرێت و لەچینى سیاسى ئێستا و ڕابردوو نەبێت. . مەزرۆک جەختیشى لەوە کردەوە کاندیدکردنى کەسێک کە بەلاى شەقامەوە ڕەتکراوە بێت دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات وەکو لەپێشتر، ئێستا هاوکێشەکە لەڕابردوو ئاڵۆزتربووە. . بەلاى ئەو چالاکوانەوە بەردەوامى خۆپیشاندانەکان و داخستنى شەقامەکان و مانگرتنى مەدەنیى تا ئەو کاتەى چینە سیاسیەکانیان لەکۆڵ دەبێتەوە چارەسەرە. . بەوتەى مەزرۆک ، کاندیدکردنى عەلاوى لەشوێنەکەى عەبدولمەهدى بەپێى ڕێکكەوتنێکى سیاسى بەسەرپەرشتى ئێران بووە و هیچ پەیوەندییەکى بەخواستى خۆپیشاندەرانەوە نیە. . کێشەکە لەعەلاویدا نییە . محمەد عەواد کە یەکێکى تر لەخۆپیشاندەرانى بەغدا دەڵێت، کێشەکانى عێراق پەیوەندیان بە کەسایەتى سەرۆکوەزیرانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیان بەو بەرنامە سیاسیەوە هەیە کە لەساڵى 2003 ەوە جێبەجێدەکرێت. . عەواد جەختیشى لەوە کردەوە، ئێستا عێراق پەیوەندى بە گۆڕانکاری لەو سیاسەت و بەرنامانەى حوکمەوە هەیە و هەرەوەها پێویستیان بەدانانى پلانێکى تۆکمەوە بۆ چارەسەر کردنى قەیرانەکان هەیە. . دەشڵێت، کاندیدەکە بەڵێنى بەپەلەى بۆ جێ بەجێ کردنى خواستەکانى خۆپیشتدەراندا بەڵام عاقیبەتەکەى لەوەدایە تاچەچەندە پابەند دەبێت بەجێ بەجێ کردنیان. . پشتیوانییەکان لە عەلاوى . بەپێچەوانەى شەقامەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوى لەلایەن زۆربەى سیاسەتمەداران و تەنانەت هەریەکە لە ئێران و ئەمریکاوە پشتیوانیکراوە، تەنانەت لایەنگران ڕەوتى سەدر چونە گۆڕەپانى خۆپیشاندانەکان و هەوڵیاندا کۆنتڕۆڵیان بکەن، تا ناڕەزاییەکان دژى سەرۆکوەزیرانى نوێ دابمرکێننەوە. . عادل عەبدولمەهدى سەرۆکوەزیران پشتیوانى تەواوى خۆى بۆ عەلاوى دوپاتکردووەتەوە، باس لەوەشدەکرێت عەلاوى سائیرون بەربژێرى کردووە و فەتحیش پێی ڕەزامەند بووە. . محەمەد عەلاوى تەنانەت لەلایەن هەریەکە لە ئەمریکا و ئێرانەوە پشتیوانى کرا، لەکاتێکدا ئەو دوو وڵاتە ناکۆکى گەورە لەنێوانیاندا هەیە بەتایبەت لەسەر هەژمونیان لە عێراق. . باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا دوێنێ (شەممە) پشتیوانى بۆ محەمەد تۆفیق عەلاوى دەربڕى، ئەمڕۆ (یەکشەممە)ش وەزارەتى دەرەوەى ئێران بەهەمان شێوە پشتیوانى بۆ دەربڕى. . هێشتا دیار نییە چارەنوسى عەلاوى لەنێوان ڕەتکردنەوە و پشتیوانیدا بەکوێ دەگات، لەکاتێکدا تەنها 28 ڕۆژى لەبەردەستدا ماوە بۆ پێکهێنانى کابینەکەى تا لەماوەى ساڵێکدا ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت بکات. .