گه‌ڕان

Shadow Shadow

ناس کورد ڕێوشوێنە یاساییەکان دەخاتەڕوو

ئەو مامۆستایەى حەوت ڕۆژ بە هەڵە دەستگیرکرا چۆن قەرەبوو دەکرێتەوە؟

2020.02.02 - 19:45
App store icon Play store icon Play store icon
ئەو مامۆستایەى حەوت ڕۆژ بە هەڵە دەستگیرکرا چۆن قەرەبوو دەکرێتەوە؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- دواى هەفتەیەک لە دەستگیرکردنى، ئەو مامۆستایەى کە بە هەڵە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرابوو ئازادکرا، بەپێی یاساش دەتوانێت داواى قەرەبووکردنەوە بکات. . مامۆستاکە کە ناوى (عەلی عەبدوڵا ئەحمەد) و لە قوتابخانەی بزەی بنەرەتی، لە ناحییەی قەسرێ سەر بە قەزای چۆمان مامۆستا بوو، یەکشەممەى ڕابردوو کاتێک چووە نوسینگەی پاسپۆرت لە سۆران بۆ نوێکردنەوەى پاسپۆرتەكەی، بەهۆى بوونى گومان لەناوەکەى ڕەوانەى پاسپۆرتی هەولێر کراو دواتر دەستبەسەرکراو و دواى هەفتەیەک ئازادکرا. . بەوتەى بەرپرسانى پۆلیس، عەلى عەبدوڵا ناوەکەى هاوشێوەى ناوى تۆمەتبارێکە کە ساڵى 1996 کەسێکى کوشتووە و هەڵهاتووە. . بەپێى بەدواداچوونەکانى ناس کورد، قەرەبووکردنەوەى ئەو کەسانەى کە لەلایەن دادگاوە بەهەڵە دەستگیر دەکرێن، بەپێی یاسای ژمارە (15) ساڵى  2010 یە، بەناوى یاساى قەرەبووکردنەوەى ڕاگیراوان و حوکمدراوان لەکاتى بێ تاوان دەرچوونیان. . لە یاساکەدا چەند ڕێوشوێنێک بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو کەسانە دانراوە کە بە هەڵە دەستگیردەکرێن، ئەگەر ئەو کەسە بەفەرمى داواى قەرەبووکردنەوەى بکات. . شوان سابیر مستەفا، لێکۆڵەرى داد لەدادگاى هەولێر بەناس کوردى ڕاگەیاند "بەپێى یاسا ئەو کەسەى کە بەهەڵە دەستگیر دەکرێت دەتوانرێت قەرەبووى مادى و مەعنەوى بکرێتەوە ئەگەر داوا بکات". . ڕونیشیکردەوە "قەرەبوو کردنە مادییەکە شتێکى ڕەمزییە و بەگرتنەبەرى چەند ڕێوشوێنێکى یاسایى و بە لیژنە دەکرێت و ماوەیەکیشى پێدەچێت". . بەپێی مادەى چوارەمى یاساکە، ئەو کەسەى بە هەڵە دەستگیرکراوە، پێویستە داواى مافى قەرەبووکردنەوە پێشکەشى ئەو لیژنانە بکات کە کە لەلایەن دادگاى تێهەڵچونەوەوە دانراون و ئەگەر داواکارییەکە ساڵێکى بەسەردا تێپەڕى وەرناگیرێت. . لەمادەى پێنجەمى ئەو یاسایەکەشدا هاتووە، قەرەبووکردنەوەى ئەدەبى ( مەعنەوى ) لەسەر بنەماى ئەو ئازار و ناخۆشیانە دەخەمڵێنریت کە کەسەکە زیانى پێکەوتووە و کارى لەناوبانگ و وەزیفەکەى کردووە. . بۆ قەرەبوو کردنەوەى مادیش ئەوە خراوەتەڕوو، قەرەبووکردنەوە لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت کە لەدەستى چووە و ئەو زیانەى کە لەماوەى گلدانەوە یان گرتن و حوکمدانەکەى دەخەمڵێنرێت.