گه‌ڕان

Shadow Shadow

نوێنەرانی کورد بۆچوونی خۆیان لەسەر کاندیدی ڕاسپێدراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئاشکرادەکەن

2020.02.01 - 23:06
App store icon Play store icon Play store icon
نوێنەرانی کورد بۆچوونی خۆیان لەسەر کاندیدی ڕاسپێدراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئاشکرادەکەن

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- دوای ڕاسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق بە کەسێکی باشی دەزانن و پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێت، دەبێت هەموو ئەو مافانەى کورد بدات کە لە دەستوردا دیارى کراوە ئەوە خێر نییە و مافى دەستورى کوردە، نوێنەرێکی پارتیش ئاماژە بەوەدەکات، بەدڵنیاییەوە یەکڕیزى ماڵى کوردى لەسەر بووە، دەشڵێت، ئەگەر لەگەڵ کورد نەگونجا هەڵوێستیان دەبێت. ، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 2ی شوباتی 2020، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی محەمەد تۆفیق عەلاوی، ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق. ، حەسەن ئاڵی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " علاوى پێشتریش لەو کەسانە بووە چەند جارێک ناوى بۆ ئەو پۆستە هاتووە،  وەک نوێنەرانى کورد کێشەمان نییە لەگەڵیدا، بەڵام دەبێت ئەو کەسە رەزامەندى سەرجەم عیراقیەکان و شەقامى عیراقى لەسەر بێت، کەسێکى باشەو رەزامەندى ئەو کەسانەى لەسەرە کە خۆیان بەخاوەنى ئەو پۆستە دەزانن، پێشمان وایە کە دەبێتە جێگرەوەى عادل عبدولمەهدی". ، سەبارەت بە پەیوەندی عەلاوی لەگەڵ کورد دا، ئاڵی ئاماژەی بەوەکرد: " دەبێت هەڵوێستى باش بێت، چونکە عیراق دوو پێکهاتەى سەرەکى هەیە کە عەرەب و کوردە، هەرکەسێک بێتە سەر دەسەڵات دەبێت هەموو ئەو مافانەى کورد بدات کە لە دەستوردا دیارى کراوە ئەوە خێر نییە و مافى دەستورى کوردە، ئێستا خەڵکى ئێمە لە قەیرانێکى زۆردایە و خەمى ئێمە دابینکردنى بژێوى خەڵکى کوردستانە، تائێستا ئێمە شارەزاى کارەکانی نەبوین بەڵام کەسێکى باشە، هەرکەسێک بێت دەبێت لەسەر دەستور و یاسا و رێنماییەکان دەوڵەت ببات بەڕێوە نەک لەسەر خواست و ویستی خۆى یان لەپێناوى بەرژەوەندى ئەو حزب و لایەن و پێکهاتەیەى دەستنیشانى کردوە بۆ ئەو پۆستە". ، لەلایەکی دیکەوە شێروان دوبەردانى پەرلەمانتارى فراکسیۆنی پارتی بە ناس کوردی وت: "بڕیاری ڕازیبوون بە کاندیدەکە لەلاى سەرکردایەتى و مەکتەب سیاسی حزبەکەمانە، بەڵام ئەمڕۆش کە سەرۆککۆمار محەمەد تۆفیق عەلاوى راسپاردوە بەدڵنیاییەوە یەکڕیزى ماڵى کوردى لەسەر بووە". ، وتیشی: "وەک کورد مافەکانى هەرێم ئاشکرایە لاى لایەنەکانى دیکە و کێشەیان لەسەر نییە و ئێمە سورین لەسەر ئەو مافانە کە مادەى 140 و موچەو بودجەو کەرکوک و نەوت و غازە، لەم ماوەیەدا چاودێرى سەرۆکوەزیران و کابینەکەى و بەرنامە حکومیەکەى دەکەین ئەگەر لەگەڵ کورد نەگونجا ئەو کاتە هەڵوێستمان دەبێت". ، هاوکات بەهار مەحمود، ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " من وەک خۆم پێشتریش کە لەناو پەرلەماندا واژوو بۆ ئەوە کۆکرایەوە کە بکرێتە سەرۆکوەزیران من واژووم کرد، ئەوەندەى من بزانم کەسێکى تاییفى نییە و پیشەییە، لەئێستاشدا پشوى وەرزى یاسادانانى پەرلەمان دەستى پێکردوەو ناتوانین بڵێین ئەوە بۆچونى سەرجەم فراکسیۆنە کوردیەکانە".