گه‌ڕان

Shadow Shadow

سیستانی؛ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و ئازارنه‌دانی خۆپیشانده‌ران

2020.01.31 - 14:09
سیستانی؛ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و ئازارنه‌دانی خۆپیشانده‌ران
ناس کورد- نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکان ڕایگەیاند، دەبێت بە زوترین کات هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت و سندوقەکانی دەنگدانیش باشترین ڕێگەن بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای عێراق. . ئەمڕۆ (هەینی، 31ى کانوونی دووەمی 2020)، مەهدی کەربلائی، نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەکان، لە میانی وتاری هەینیدا لە شاری کەربەلا ڕایگەیاند :"سەرکۆنەی ئەو توندوتیژیانە دەکەین کە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامدەدرێت، نابێت بە هێزی چەک کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنرێت". . نوینەری عەلی سیستانی، لە وتارەکەی مەرجەعیەتی نەجەفدا ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان پەنایان بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران بردوە، سەرکۆنه‌ی حاڵەتەکانی ڕفاندنی خۆپیشاندەرانیش کرد، وتی :"بەهەموو شێوەیەک دژی ئەو هەوڵانەین کە دەیانەوێت بە زەبری هێز کۆتایی بە ئاپۆڕای خۆپیشاندانەکان بهێنێت". . مەهدی کەربلائی، ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێتاوان و سیڤیل بونەتە قوربانی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان، لە هەمانکاتیشدا وتی:"نابێت هیچ گروپ و لایەنێک مافی دەستدرێژیکردن بۆ سەر دامەزراوەکانی حکومەت بە خۆی بدات". . کەربەلائی لە وتارەکەیدا، جەختیشی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە کردەوە و وتی :"باشترین چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی کە ئێستا عێراق پایدا گوزەر دەکات، هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، چونکە کێشەکان لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە چارەسەر دەکرێن". . نوێنەرەکەی عەلی سیستانی، داواشی کرد پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ، وتیشی:" دەبێت پەرلەمان بەجددی کار بۆ فەراهەمکردنی چاکسازییەکان بکات". .