کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- لە نامەیەکدا بۆ لایەنە سیاسییەکان، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق هۆشداری دەدات کە ئەگەر لە ماوەى چوار ڕۆژدا، واتە تا شەممەى داهاتوو، 1ی شوباتی 2020، دەبێت بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاری بکەن، ئەگەرنا خۆی کەسێک ڕادەسپێرێت بۆ پۆستەکە. . ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی کانونی دووەمی 2020، بەرهەم ساڵح لە نامەیەکدا بۆ فراکسیۆنەکانى پەرلەمان ڕایگەیاندووە، "دۆخەکە بەلاى خەڵک و حکومەتەوە زیاتر ئاڵۆز بووە، ژمارەیەکى زۆرى خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان شەهید بوون و باوەڕمان وایە گرێى گەورە لە نەگەیشتنە دیاریکردنى بەربژێرێکی شایستەیە بۆ سەرۆکوەزیران، بەدڵنیایشەوە ئیدى مەحاڵە لەوە زیاتر دۆخەکە درێژە بکێشێت کە ئەوەش زەنگێکى مەترسیدارە و کارەکان زیاتر ئالۆزدەکات". . بەرهەم ساڵح داواى لە لایەنە فراکسیۆنەکانى پەرلەمان کردووە "دیالۆگى سیاسى دەستپێبکەن و بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ دیاریکردنى بەربژێرێک بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانى نوێ کە ڕەزامەندى خەڵکى لەسەر بێت و بۆ سەرۆکایەتى کۆمارى بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەى بۆ پێکهێنانى کابینەکە ڕابسپێردرێت." . سەرۆککۆماری عێراق دەشڵێت، ئەگەر فراکسیۆنەکان نەیانتوانى تا ڕۆژى شەممە، 1ى شوبات، کارەکە یەکلا بکەنەوە ئەوا خۆى کارەکە یەکلا دەکاتەوە و مومارەسەى دەسەڵاتە دەستورییەکانى دەکات و کەسێک بەربژێر دەکات کە زۆترین خواستى خەڵک و پەرلەمانتارانى لەسەر بێت بۆ پۆستەکە.