گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لە ماوەی دوو هەفتە سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرین

سەركردایەتییەكی پارتی بۆ ناس: زیاد لەبەركەوتەی خۆی پێشنیاری پۆستمان بۆ یەكێتی كردووە

2019.04.01 - 15:40
App store icon Play store icon Play store icon
سەركردایەتییەكی پارتی بۆ ناس: زیاد لەبەركەوتەی خۆی پێشنیاری پۆستمان بۆ یەكێتی كردووە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- ئەحمەد مستەفا

پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەگەری بەشدارینەكردنی فراكسیۆنی یەكێتی لەدانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكاتەوە و بەوتەی سەركردەیەكی ئەو حزبەش "لە ماوەی دوو هەفتە سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرن".

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "وەڵامی دوا نامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیمان داوەتەوە و تەنها لە ڕێگەی وتەبێژی ئەو حزبەوە گوێبیستی ئەوە بووین كە گلەییان لەوەڵامەكە هەیە و سەركردایەتی پارتی چاوەڕێیە تا سەرنجەكانی یەكێتی پێ بگات، تا بزانین لەسەر چ بابەتێك گرفتیان هەیە تا گۆڕانكاری تێدا بكرێت".


یەكێتی كە هەر لەسەرەتای گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتەوە، داوای بەشداری ڕاستەقینەی لە پارتی دەكرد، لەنوێترین داواكاریدا كە بەنامەیەك ئاراستەی پارتی كراوە داوای وەرگرتنی وەزارەتی پلاندانان و جێگری سەرۆكی حكومەت و هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و 5 وەزارەتی دیكە و چەند پۆستێكی تری بواری ئابوری و ئەمنی دەكات.

میرخان بەدووریدەزانێت كێشەكانی یەكێتی لەسەر وەرگرتنی وەزارەتێكی دیاریكراو بێت و لەو بڕوایەدایە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت گەیشتۆتە قۆناغێك كە یەكێتی بەشدار بێت لە حكومەت.

وتیشی "پارتی بەردەوام دەبێت لە كاری خۆی بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، ئێمە بە دوو هەفتە ئەو كارە كۆتایی پێدەهێنین و دەشمانەوێت ئەم هەفتە یەكێتی بێتە ناو حكومەت".

ئەمڕۆ (دووشەممە)، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی ڕایگەیاند،"وەڵامی شاندی دانوستانكاری پارتی، داخوازییەكانی ئێمە جێبەجێ ناكات، بەپێی وەڵامی پارتی بێت ئەوان ئامادەنین داخوازییەكانمان جێبەجێ‌ بكەن".

بەوتەی سەركردایەتییەكەی پارتی، یەكێتی تا ئێستا شەریكە بەش بووە لەگەڵ پارتی و جەخت دەكاتەوە "ئەگەر كەسی یەكەمی وەزارەتە ئەمنی و ئابوری و سیادییەكانمان پێنەدابن، جێگرەكەی یان پۆستێكی باڵامان پێداون".

" زیاد لەبەركەوتەی خۆی پێشنیاری پۆستمان بۆ یەكێتی كردووە" ئاراس حەسۆ میرخان وای وت.