کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- عادل عەبدولمەهدى فەرمانى بە هێزە ئەمنییەکاندا هێرشبەرانى سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا دەستگیر بکەن، کە ئەمشەو بە کاتیۆشا هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەکە. . عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگهیهندراوێكدا ئاماژهی بهوه كرد، جارێکى تر هێرش بۆ سەر نێردە دیبلۆماسیە بیانییەکان دوبارە بوەوە، ژمارەیەک موشهکى کاتیۆشا لەناو باڵیۆزخانەى ئەمریکا کەوتنە خوارەوە. . وتیشى، ئیدانەى ئەو کارە دەکەن و کارێکە لەدەرەوەى یاسا و پیشێلکردنى سەروەرى نێردە دیبۆماسییەکانە کە لەسەر خاکى عێراقن. . عادل عەبدولمەهدى ئاماژەى بەوەکرد، فەرمانیکردووە هێزەکانیان بڵاوبنەوە و بگەڕێن بەدواى ئەنجامدەرانى هێرشەکەدا و دەستگیریان بکەن و بدرێنە دادگا، بۆ ڕێگریکردن لە دوبارەبوونەوەى کارى لەو شێوەیە. . باسى لەوەشکرد، بەردەوامى ئەو کارە تاکەکەسیە نابەرپرسانە، لێکەوتەى مەترسیدارى دەبێت بۆ سەر وڵات و عێراق دەکاتە گۆڕەپانى شەڕ، بەتایبەت کە حکومەت دەستیکردووە بە جێبەجێکردنى بڕیارەکەى پەرلەمان بۆ دەرکردنى هێزە بیانییەکان. . بەپێی ئاژانسى فرانس پرێس، موشەکەکانى ئەمشەو پێنج موشەک بوون و باڵیۆزخانەى ئەمریکایان لە ناوچەى سەوزى بەغدا بە ئامانج گرتووە. . ئەمە دووەمجارە عەبدولمەهدى بریارى دەستگیرکردنى هێرشبەرانى سەر ناوچەى سەوز و باڵیۆزخانەى ئەمریکا دهدات، دواى هێرشە موشەکییەکەى 20ى ئەم مانگە، عەبدولمەهدى بەهەمان شێوە فەرمانى بۆ هێزە ئەمنییەکان دەکرد و دواتر هێزە ئەمنییەکان دۆزینەوەى سەکۆى هەڵدانى موشەکەکانیان دۆزییەوە. . دواى کوژرانى قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیس لەلایەن ئەمریکاوە لەسەرەتاى ئەم مانگەدا، هێرشەکان بۆ سەر ناوچەى سەوز بەگشتى و باڵیۆزخانەى ئەمریکا بەتایبەتى زیاتر بوون. . ئەمریکا گروپە چەكدارییەكانی سەر بە ئێران بەو كارە تۆمەتبار دەكات، پێشتریش كەناڵى BBC بڵاویكردبووەوە لەمانگی 10ی ساڵى 2019ەوە تائێستا زیاتر لە 109 موشەكی جۆری كاتیۆشا گیراونەتە هێزەكانی ئەمریكا و زۆرینەشیان نراون بە ناوچەی سەوزەوە كە بنكەی سەركردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشی لێیه. .