کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
سەرۆکی دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕایگەیاند کاندیدی جەهەپە لە شاری ئیستەنبوڵ زیاتر لە 28 هەزار دەنگ لە پێش کاندیدەکەی ئاکەپەوەیە، بەڵام هێشتا قۆناغی تانە و سکاڵاکان ماوە.
سەرۆکی دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا، سەعدی گوڤەن ڕایگەیاند، تا ئێستا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کاندیدی جەهەپە، چوار ملیۆن و 159 ھەزار و 650 دەنگی ھێناوە، هەروەها بینالی یڵدرم، کاندیدی ئاکەپە، چوار ملیۆن و 131 ھەزار و 761 دەنگی لە سیستمەکەدا تۆمارکراوە.
گوڤەن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە قۆناغی تانە و سکاڵاکان بەردەوامە و وتیشی: "تا ئێستا ئەنجامی 31 ھەزار و 201 سندوق لە سیستمەکەدا تۆمارکراوە. 84 سندوق بە ھۆی بوونی سکاڵاوە لە سیستمەکەدا تۆمارنەکراون".
شەوی ڕابردوو ئەکرەم ئیمامئۆغڵو نۆ جار چووە بەر کامێراکان و سەرەڕای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی خۆی، هاوکات ترس و نیگەرانی دەربڕی لە ئەگەری دەستکارییکردنی ئەنجامی دەنگەکان.
هاوکات کاندیدی جەهەپە لە هەریەک لە شارە گەورەکانی ئەنقەرە و ئیزمیریش بەهەمان شێوە بەسەر کاندیدی ئاکەپەدا سەرکەوت، ئەوەش بە پاشەکشەیەکی گەورە بۆ پارتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دادەنرێت.