گه‌ڕان

Shadow Shadow

له‌باره‌ی لێکۆڵینەوەکان لەسەر گیانلەدەستدانى پێشمەرگەکەى یەکێتى

مستەفا چاوڕەش: چاوەڕوانى لێکۆڵینەوەکانین تا هەڵوێستمان ئاشکرابکەین

2020.01.26 - 16:45
App store icon Play store icon Play store icon
مستەفا چاوڕەش: چاوەڕوانى لێکۆڵینەوەکانین تا هەڵوێستمان ئاشکرابکەین

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد– لێکۆڵینەوەکانى حکومەت و پەرلەمانى کوردستان لەبارەى گیانلەدەستدانى پێشمەرگەکەى یەکێتى لە زیندانى ئاسایشى هەولێر بەردەوامن، بەوتەى سەرۆکى کاتى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى "چەند قۆناغێک چووەتە پێشەوە". . دواى گیانلەدەستدانى پێشمەرگەیەکى یەکێتى بەناوى (مەجید ئیبراهیم عەبدوڵا) لە 16ى ئەم مانگەدا لە زیندانى ئاسایشى هەولێر و دروستبونى گومان لەسەر گیانلەدەستدانى، حکومەت و پەرلەمان لیژنەى لێکۆڵینەوەیان پێکهێنا، هەرچەندە ئاسایشى هەولێر هۆکارەکەى بۆ "خۆکوژیى" گەڕاندەوە. . مستەفا چاوڕەش، سەرۆکی کاتی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی بە ناس کوردی وت "تا ئێستا کارەکانی هەردوو لیژنەکەی حکومەت و پەرلەمان بەردەوامن و چەند قۆناغێک لەلێکۆڵینەوەکانیش چونەتە پێشەوە". . وتیشى "یەکێتی چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دوو لیژنەکە دەکات کە چەند نوێنەرێکی یەکێتی تێدان و دواتر ئەنجامی لیژنەکان و هەڵوێستی یەکێتی بۆ ڕای گشتی بە ڕونی ئاشکرا دەکەن". . بەگوێره‌ی ڕاگەیەنراوێکى ئاسایشى هەولێر کە دواى گیانلەدەستدانى پێشمەرگەکە بڵاویکردەوە، ئەو پێشمەرگەیە بە تۆمەتی خاوەندارێتیکردنی نزیکەى 60 کیلۆگرام مادەى هۆشبەر دەستگیرکراوە و دواتر لە زینداندا "خۆی کوشتووە"، بەڵام هێشتا دیار نییە لێکۆڵینەوەکان چ دەرەنجامێکیان لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت کە چەند وێنەیەکى پێشمەرگەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە دەردەکەوێت ئاسەوارى ئەشکەنجەدانى پێوە دیارە. . عوسمان کەریم سوارە، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی لیژنەکەی پەرلەمانە بۆ لێکۆڵینەوە لەگیانلەدەستدانی پێشمەرگەکەی یەکێتی بەناس کوردی ڕاگەیاند"ئەرکى ئێمە بەدواداچوونە بۆ دەرخستنی ڕاستییەکانی پشت ئەو ڕوداوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەبێلایەنانە و بەدروستی لێکۆڵینەوەکانمان ئەنجامداوە و هێشتا لە لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامین و سەردانی ئەو شوێنانەشمان کردوە کە پێویست بوە". . عوسمان کەریم وتیشی "ئەمڕۆ (یەکشەممە) سەردانی پزیشکی دادی سلێمانیمان کردوە و هێشتا کاتمان ماوە بۆ کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان "لەئایندەیەکی نزیکدا دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین". .