ناس کورد-
وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، وەک سەرجەم وڵاتانی تری جیهان لەنزیکەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO چاودێری بڵاوبونەوەى ئەو ڤایرۆسە دەکەن کە لە چین بڵاوبووەتەوە و ڕێکاری پێویست دەگرنە بەر.
.
ماوەیەکە جۆرێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە شاری ووهان لە وڵاتی چین بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە سەدان کەس توشبوون و چەندین کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
.
وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "تاوەکو ئێستا ئەو زانیاری و ڕاسپاردانەی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە پێویست ناکات پشکنین و چاودێری لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنورییەکان و شوێنە گشتیەکان بگیرێتەبەر".
.
ڕونیشیکردووەتەوە "ڕێکارەکان هەمان ڕێوشوێنی کۆنتڕۆڵ و خۆپارێزییە لە پەتای ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا وەک پەتاگەری، زوو دۆزینەوە و جیاکردنەوە و چارەسەرکردن و هۆشیاری تەندروستی لە خۆپارێزی کەسی وەک زوو زوو دەست شووشتن، خۆ بەدوورگرتن لەشوێنی قەڵەباڵغ و داخراو لەگەڵ پاپەندبوون بە ئەتەکێتی کۆکین و پژمین وەک داپۆشینی دەم و لووت".
.
بەگوێرەی ڕێکخراوی جیهانی WHO، ئێستا 557 کەس لە چین بەو ڤایرۆسە توشبوون و 17 کەس مردوون و ڕێژەی کوشندەیی تا ئێستا 4٪ ە، جگە لە وڵاتی چین، لە چەند وڵاتێکی تری ئاسیا وەک یابان، کۆریا، تایلەند و سەنگاپورە حاڵەتى توشبوون لە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.