گه‌ڕان

Shadow Shadow

مەرجەکەیان ئاشکرادەکات

مەزڵوم عەبدى باسى دانوستانى ڕاستەوخۆ دەکات لەگەڵ تورکیا

2020.01.24 - 17:37
App store icon Play store icon Play store icon
مەزڵوم عەبدى باسى  دانوستانى ڕاستەوخۆ  دەکات لەگەڵ تورکیا

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایگەیاند، ئامادەن لەگەڵ تورکیا دانوستانى ڕاستەوخۆ بکەن بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوان، بەمەرجى ئەوەى تورکیا جددى بێت لەو بارەیەوە و نیازى ڕاستگۆیانەى هەبێت بۆ بەدیهێنانى ئاشتى. . کردنەوەى دەرگاى دانوستان مەزڵوم عەبدى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەى ئەلۆمەنیتەرى ئەمریکى باسى لە هەلى دانوستان و گفتوگۆ کرد لەگەڵ ئەنقەرە، لە رێگەى دانوستانى ڕاستەوخۆ یان ئەو هاریکارییەى ئێستا لەبارەى گواستنەوەى روفاتى سلێمان پاشا لە نزیک کۆبانێ وە بۆ نزیک سوریا تورکیا، وتى "بۆچى نا، دەزانین کە تورکیا دەیەوێت ئەو روفاتە بگوازێتەوە، مەرجى ئێمە بۆ گفتوگۆ ئەوەیە تورکیا بە لاوازمان نەزانێت، خۆشحاڵین بە یارمەتیدان و هەماهەنگى لەگەڵ هێزە چەکدارەکانى تورکیا، ئەو کارە بە گیانى ئاشتیانە دەبێت، هەندێ ئاماژەى دیکە هەن بۆ بنیاتنانى متمانە و نیازپاکى". . جەختیشیکردەوە، هەر ئاماژەیەکى ئیجابى تورکیا بەرانبەر کورد لە سوریا، ڕۆڵى ئیجابى دەبێت لەسەر کورد لە تورکیا، بە پێچەوانەشەوە. . مەزڵوم عەبدى وتى "ئەمریکا سورە لەسەر نێوەندگیریی ئاشتى لەنێوان ئێمە و تورکیا، ترەمپ لەیەکەم پەیوەندى تەلەفۆنیدا لەگەڵم ئەو بەڵێنەى پێدام، وتى لەگەڵ ئەردۆغان قسەدەکات و کێشەى سوریا چارەسەر دەکەن". . باسى لەوەشکردووە، هەموو هەوڵێکیانداوە بۆ چارەسەرى کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا، پێشتر دانوستانى ڕاستەوخۆیان هەبووە لەگەڵ تورکیا، ئێستا ئامادەن ئەوە بکەن و ئەوان ئاشتیان دەوێت. "ئەمە ماناى ئەوە نییە تورکیا بەرپرسە لە کێشەى کورد لە سوریا، یان ئێمە بەرپرسین لە کێشەى کورد لە تورکیا، ئێمە دوپاتمانکردووەتەوە بەشێک نین لە ململانێی ناوخۆیی تورکیا، کێشەى کورد کێشەیەکى ناوخۆى سوریایە، ئامادەین لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە چارەسەرى بکەین کە لە سوریان، لەناویاندا تورکیا، بەڵام لە کۆتاییدا پێویستە دانوستان لەگەڵ دیمەشق بکرێت". مەزڵوم عەبدى وایوتووە. . جەختیشیکردووەتەوە،  تورکیا هیچ پاساوێکى نەبوو بۆ هێرشکردنە سەر باکور و رۆژهەڵاتى سوریا. ڕۆڵى ڕوسیاش "ئیجابى" بووە، بەتایبەت لە پرسى چارەسەرى کێشەکانى باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا، ئەو وڵاتە سورە لەسەر گەیشتن بە چارەسەر، یارمەتیدەر بووە لە گەیشتن بە رێککەوتنیان لەگەڵ سوریا. . لەگەڵ ئەوەشدا مەزڵوم عەبدى جەختیکردووەتەوە، هەموو هەوڵەکانى مۆسکۆ بۆ نزیککردنەوەى سوریا و تورکیا شکستى هێناوە، لەبەرئەوەى تورکیا پاڵپشتى لەو گروپانە دەکات کە ناسراون بە ئۆپۆزسیۆنى سوریا لەدژى ڕژێم. . هێزەکانى ئەمریکا لەبارەى هێزەکانى ئەمریکاشەوە، مەزڵوم عەبدى دەڵێت، هێزەکانى ئەمریکا دوبارە لە باکورى سوریا بڵاوەیان پێکراوە، کشانەوەیان ڕۆڵێکى خراپى هەبوو لەسەر شەڕى دژى داعش، وایکرد داعش دوبارە خۆى ڕێکبخاتەوە. . وتیشى "تا ئێستا ڕوون نییە کە هێزەکانى ئەمریکا تا کەى و چۆن دەمێننەوە، ئەوە کارێکە لەدەست ترەمپدایە".   مەزڵوم عەبدى داواشى لە واشنتن کردووە، هەوڵى زیاتر بدات بۆ گرەنتیکردنى چارەسەرى سیاسی قەیرانى سوریا، پێدانى ماف بە سەرجەم پێکهاتەکان لەناویاندا کورد، لە چوارچێوەى دەستورێکى نوێدا. . ڕەتیشیکردەوە تورکیا بتوانێت سیناریۆى سوریا لە لیبیا دوبارە بکاتەوە، یان هەماهەنگى لەگەڵ مۆسکۆ بکات بۆ ڕێککەوتنى نوێی ئەستانە لەبارەى لیبیا "ئەردۆغان فێڵ لە خۆى دەکات، یان ئەوانەى لەدەوروبەرى ئەون بە مەبەست یان بێ مەبەست بە لاڕێیدا دەبەن، لیبیا سوریا نییە، لەگەڵ سوریا سنورى هاوبەشى هەیە، بەڵام لەگەڵ لیبیا وا نییە،  تورکیا ئێستا ئەو چەکدارە سوریانە دەگوازێتەوە لیبیا کە دژى ئێمە بەکاریانى هێنا".