گه‌ڕان

Shadow Shadow

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: تره‌مپ به‌ شاندی هه‌رێمی وت ئێمه‌ قه‌رزارتانین

2020.01.22 - 18:21
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: تره‌مپ به‌ شاندی هه‌رێمی وت  ئێمه‌ قه‌رزارتانین
ناس كورد- سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی داڤۆس بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "تره‌مپ به‌ شاندی هه‌رێمی وتووه‌ "ئێمه‌ قه‌رزارتانین". . له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ "سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەراوێزی كۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ترەمپ گەلی كوردستانی بە "گەلێكی مەزن" وەسفكردوە و ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی لە تێكشكاندانی داعش و پاراستنی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بەرز نرخاندووە". . بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتی هەرێم "لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا لە داڤۆس "دۆخی عێراق به‌گشتی و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و په‌ره‌پێدانیان به‌تایبه‌تی له‌ بواری هاریكاریی وزه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر وـ به‌غدا، مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر و چۆنیه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی" تاوتوێ كراون. . ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌ "ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و دۆخی سووریا، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوون". . رونیشكراوه‌ته‌وه‌ "سەرۆكی هەرێمی كوردستان خواستی هه‌رێمی بۆ بره‌ودانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له‌ بواره‌ جیاكاندا نیشان داوە". . وەك لە درێژەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "دۆناڵد ترمپ سه‌رۆكی ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گه‌لی كوردستانی به‌ گه‌لێكی مه‌زن وه‌سف كردوە و ڕایگەیاندووە "ئێمه‌ قه‌رزارتانین" هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینی ئه‌مریكای بۆ ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشاندنی داعش و پاراستنی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان دووپات كرده‌وه‌تەوە". . پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابوریی داڤۆس لە سویسرا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە جیا لەگەڵ هەر یەكە لە نێچیرفان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق كۆبووە و ڕەوشی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوانیان تاوتوێ كرد. .