گه‌ڕان

Shadow Shadow

سەرپەرشتى تیمى ئاڵتونى مردنى کردووە

ئەحمەد فروزەندە؛ سێبەرەکەى سولەیمانى لە عێراق

2020.01.22 - 12:52
ئەحمەد فروزەندە؛ سێبەرەکەى سولەیمانى لە عێراق
ناس کورد- سەرەڕاى ناوبانگى زۆری قاسم سولەیمانى بەهۆى کارە چڕ و پڕ و هەستیارییەکانییەوە لە عێراق و وڵاتانى دیکە، کەسێکى دیکەى نەناسراو هەیە کە لەپشت بەشێک لە کارەکانییەوە بووە، ئەویش جەنەراڵ ئەحمەد فروزەندەیە. . دەیان ئەفسەرى باڵاى ئێران پشتیوانى سولەیمانى بوون لە کارەکانیدا لە عێراق، لەناویاندا جەنەراڵ ئەحمەد فروزەندە، فەرماندەى فەیلەقى ڕەمەزانى سەر بە فەیلەقى قودس کە لەلایەن قاسم سولەیمانییەوە سەرکردایەتى دەکرا، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕى دەیلى بیستى ئەمریکى. . ئەفشون ئوستوفار، توێژەر لە کۆلێژى توێژینەوەى باڵاى دەریایی ئەمریکا دەڵێت، "سەرەڕاى ئەوەى سولەیمانى ئەندازیارى ستراتیژى دەرەوەى ئێران بوو، هەندێکى دیکە هەبوون کە کارەکانیان بەڕێوەدەبرد و چاوێرى پرۆسەکانیان دەکرد، فروزەندە یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانە بوو کە گۆڕەپانى کارکردن لە عێراق، بەڵام ناوى ناسراو نەبوو". . بەپێی چەند بەڵگەنامەیەک کە ماڵپەڕەکە بڵاویکردووەتەوە، فروزەندە و سوپاى پاسداران ئەرکیان گواستنەوەى چەک و پارە و کادرى هەواڵگرى بووە بۆ عێراق، لەگەڵ تیرۆرکردنى ئەمریکى و عێراقییەکان. . بەڵگەنامەکان دەریدەخەن ئەو پیاوە کە ساڵى 2008 لەلایەن ئەمریکاوە خرایە لیستى تیرۆرەوە، یارمەتیداوە لە کوشتنى سەدان ئەمریکى لەکاتى شەڕى عێراقدا و بەردەوام بووە لە کارى ڕاوێژکارى لاى سەرۆکەکانى پێشوو، دواى ماوەیەکى درێژ لە کۆتایی هاتنى شەڕ.   چالاکییەکانى لە عێراق . یەکەم جێدەستى فروزەندە لە جیهانى کارە نهێنییەکان لەکاتى جەنگى عێراق–ئێراندا بووە کە تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە، دواى جەنگى دووەمى کەنداویش بەردەوام بووە لە جێبەجێکردنى پڕۆسە نهێنییەکان بۆ ماوەى 20 ساڵ. . عەقید دونالد باکون، بەڕێوەبەرى پڕۆسە تایبەتییەکان و زانیارییە هەواڵگرییەکانى هاوپەیمانان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا لەساڵى 2007 ڕایگەیاندبوو، فەیلەقى ڕەمەزان کارەکان لە عێراق ئەنجام دەدات، ئەندامەکانى بەرپرسن لە گواستنەوەى چەک و پارە بۆ میلیشیا عێراقییە توندڕەوەکان و مەشقکردن بە لایەنگرانى ئێران. . بەپێی پێگەى دەیلى بێست، فەیلەقى رەمەزان هێزى ڕاسپێردراو بووە لەناو سوپاى پاسداران بۆ چاندنى فەوزا لە عێراق، لانى کەم لەو کاتانەى کە فروزەندە سەرکردایەتى کردووە. پێشترو کاتێک فروزەندە جێگرى سەرۆکى فەیلەقەکە بوو، کارى لەگەڵ فەرماندەیی فەجر دەکرد، کە بنکە سەربازییەکەیان لە ناوچەى ئەهوازە و پڕۆسەکان لە بەسرە و باشورى عێراق بەڕێوەدەبات. . ساڵى 2007 کاتێک ئاستى توندوتیژییەکان لە عێراق هەڵکشان، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان باسیان لە مەترسی ئۆپراسیۆنە نهێنیەکانى ئێران دەکرد لە عێراق، لەجیاتى جەختکردن لەسەر یاخیبوونى گروپە سونییەکان، بەپێی زانیارییەکان هەڵمەتێکى نهێنى توندڕەو لەوکاتەدا هەبووە بە سەرۆکایەتى فروزەندە و فەیلەقى ڕەمەزان. . حسین یەزدانپەنا، جێگرى سەرۆکى پارتى ئازادى کوردستان و فەرماندەى هێزەکانى ئەو حزبە ساڵى 2016 بە ڕۆژنامەى شەرقولئەوسەتى ڕاگەیاندبوو، فەیلەقى رەمەزان سەرپەرشتى سەرجەم کارەکانى فەیلەقى قودس دەکات لە سەرجەم ناوچەکانى عێراق و لە سەرجەم ناوچە سنورییەکانى ئێران لەگەڵ عێراق و لە هەرێمى کوردستان بارەگاى هەیە. . ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەحمەد فروزەندە سەرپەرشتى کارەکانى کردووە لە میحوەرى باشورى عێراق.   "فیرقەى ئاڵتونى مردن" . ماڵپەڕە ئەمرییکییەکە زانیارى لەسەر "فیرقەى ئاڵتونى مردن" خستووەتەڕوو، کە لەلایەن ئێرانەوە سەرپەرشتى کراوە و چەندین کردەوەى توندوتیژییان ئەنجامداوە. . ئەو یەکەیە کارى پارەدارکردنى ئەو عێراقییانە بووە کە بە سەرباز گیراون لەلایەن سوپاى مەهدى و ڕێکخراوى بەدر و حزبى فەزیلە و پارت و میلیشیاکانى دیکەوە بۆ تیرۆرکردنى ئەندامانى پێشووى یەعس و ئەو عێراقییانەى لەگەڵ هاوپەیمانان کاریان دەکرد و پشتیوانى هەژمونى ئێرانیان نەدەکرد. . ئەفسەرە ئێرانییەکان ئەندامانى تیمى تیرۆرکردنیان دەگواستەوە ناوچەى ئەهوازى ئێران، کە شوێنى جێگیربوونى فەیلەقى ڕەمەزان بوو بە سەرۆکایەتى فروزەندە، ئەوەش بۆ مەشقپێکردنیان بۆ ماوەى 10 ڕۆژ، لەو ماوەیەدا ئەفسەرە ئێرانییەکان ڕێنماییان پێدەدەن بۆ کۆکردنەوەى زانیارى و بە ئامانجگرتى هاوپەیمانان و تیرۆرکردن و بەکارهێنانى موشەکى کاتیۆشا و هاوەن. . بەڵگەنامەیەکى دیکە دەستوەردانى فروزەندە دەردەخات لە یارمەتیدانى یەکێک لە ئەندامانى میلیشیا عێراقییەکانى هاوپەیمانى بەناوى مەهدى عەبدولمەهدى خالسى دواى دەستگیرکردنى لەلایەن هاوپەیمانانەوە. . بەپێی بەڵگەنامەکانى ویکیلیکس، خالسى و فروزەندە پەیوەندیان هەبووە پێکەوە لەبارەى تیرۆرکردنى ئەندامانى هێزەکانى بەریتانیا لە پارێزگاى میسان لە ساڵى 2003، لە رێگەى کۆدى پارێرزراوەوە. . بەپێی ڕاپۆرتەکان، فروزەندە رێگەیداوە بە خەرجکردنى 500 هەزار دۆلار بۆ گەرەنسی پڕۆسەى ڕزگارکردنى خالسى دواى ئەوەى لە ساڵى 2005 لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەستگیرکرا.