کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی ڕزگاری لە قەزای خورماتوو کە لە دوای ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی حکومەتی عێراقەوە کۆنتڕۆڵکراوە، تەقە لە پێشمەرگەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا و بەهۆیەوە گیانیلەدەستدا.
.
ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی خورماتوی سەر بە لقی 22ی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "پێشمەرگەکە ناوی سالار سابیر و خەڵکی قەزای خورماتو بوو، پاسەوانی تایبەتی من بوو، ماوەیەکی زۆرە پێکەوە کار دەکەین و کەسێکی زۆر باش و بێ کێشە بوو".
.
ئەرسەلان عەلی ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمڕۆ کاتژمێر 5:40 خولەکی سەرلەبەیانی کە هەستاوە بۆ نوێژی بەیانی، چووە لە حەوشەکەیان دەستنوێژ بگرێت، بەڵام لەو کاتەدا چەند چەکدارێک لە سەربانی ماڵەکەیەوە تەقەیان لێکردووە و پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە".
.
بەرپرسی ناوچەی خورماتوی پارتی باسی لەوەشکرد کە "ئەو کارەی کراوە کارێکی تیرۆرستی ترسنۆکانەیە و ئێمە بەهەموو شێوەیەک دژی دەوەستینەوە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیەین".
.
هاوکات محەمەد ئەمین، خاڵۆزای سالار بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبوو، لەکاتی ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017دا خورماتوی جێهێشت و بە ئاوارەیی ڕووی کردە هەولێر، دواتریش پێکەوە لە چەمچەماڵ خانوومان بەکرێ گرت، بەڵام بەهۆی کەمی موچەکەی و خراپی باری داراییەوە پێش شەش مانگ بڕیاری دا بگەڕێتەوە خورماتوو بۆ ئەوەی لە ماڵەکەی خۆیدا بژی و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبوو".
.
لەلایەکی ترەوە، لقی ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "چەند چەکدارێکی نەناسراو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ههڤال سالار سابیر محەمەد، پێشمەرگەی بارەگای لقمان و به ناههق شەهیدیان کردووە، ئێمە لە كاتێكدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی شەهید و کەسوکار و هەڤاڵانی دەکەین، هاوكات بە توندی سەركۆنەی ئەو تاوانە نامرۆڤانه تیرۆرستیه دەکەین".
.
ئاماژە بەوەشکراوە کە "بهرپرسیارییهتی دۆزینهوهی ئهنجامدهرانی دهخەینه ئهستۆی لایهنه پهیوهندیدار و دەزگا ئاسایشییەكانی سنورەکە و داوایان لێ دهكهین بە زووترین کات ههوڵهكانیان بخەنهگهڕ بۆ ئاشكراكردنی ئەو دەستە گوماناوی و تاوانكارییه، بۆ ئەوەی بە سزای یاسایی خۆیان بگەن".