گه‌ڕان

Shadow Shadow

دواترینیان ئەمرۆ لە بانی مەقام ڕوویداوە

لە 21 ڕۆژی ڕابردوودا 19 کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە هەرێم مردوون

2020.01.21 - 19:39
App store icon Play store icon Play store icon
لە 21 ڕۆژی ڕابردوودا 19 کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە هەرێم مردوون

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- لە 21 ڕۆژی یەکەم مانگی ئەمساڵ، ڕووداوەکانى هاتوچۆ زۆر زیادیان کردووە، دوایین ڕووداوی هاتوچۆش لە هەرێم ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕێگای چەمچەماڵ-کەرکوک ڕوویدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانیلەدەستدا. . بەپێی ئامارەکانیش کە ناس کورد لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکان کۆیکردووەتەوە، لە سێ هەفتەی سەرەتای ئەمساڵدا، هەموو ڕۆژێک نزیکەی چوار ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە. . ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 21ی کانونی دووەمی 2020، لەڕێگای کەرکوک-چەمچەماڵ و لە نزیک بانی مەقان، دوو ئۆتۆمبێلی جۆری ئۆباما و بارهەڵگرێک پێکیاندادا و بەهۆیەوە شۆفێری ئۆباماکە گیانی لەدەستدا. . ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدان و بەگوێرەی ئەو ئامارانە، لە سێ هەفتەی سەرەتای ئەمساڵدا واتە لە ماوەی 21 ڕۆژدا، 77 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە کە زۆرترینیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بوون. . لەو 77 ڕووداوانەدا، 19 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 91 کەسیش برینداربوون. . ئامارەکان ئەوەیان سەلماندووە کە زۆرترین ڕووداوەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی ڕوویانداوە کە نزیکەی 56 ڕووداو بوون. . لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلیمانی ئامارەکانی ساڵی ڕابردووی بڵاوکردەوە و کاروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی به ڕادیۆی ‌ترافیك ئێف ئێمی ڕاگه‌یاند، "ساڵی پار بەهۆی ڕووداوەکانى هاتوچۆوە لە ‌پارێزگای سلێمانی و ده‌وروبه‌ری 190 کەس گیانیان لەدەستداوە"، واتە هەر دوو ڕۆژ جارێک کەسێک بەهۆی ڕووداوەکانەوە مردووە.